کۆنسووڵی ئەرمینیا: پار قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق 180 ملیۆن دۆلار بووە

21-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەندرانیک هاروتونیێن، کۆنسووڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر.
ئەندرانیک هاروتونیێن، کۆنسووڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی ئەندرانیک هاروتونیێن، کۆنسووڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، کەمیکردووە. 
 
رۆژی شەممە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ی رووداو دا کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، هاروتونیێن باسی لەوە کرد، قەبارەی ئاڵۆگۆڕەکە لە ساڵی 2022 نزیکەی 240 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام پار 180 ملیۆن دۆلار بووە، "کە بەشێکی زۆری" ئەو بازرگانییە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بووە. 
 
هاروتونیێن روونیکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان کاتی پار، جارێکی دیکە ئاڵۆگۆڕەکە زیادیکردووە. 
 
دیپلۆماتەکە هەروەها بە رووداوی راگەیاند: "بازرگانیی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان لە گەشەدایە."
 
ئەرمینیا لە شوباتی 2021 کۆنسووڵخانەی گشتیی لە هەولێر کردەوە. 
 
هاروتونیێن گوتی: " لەو ماوە کەمەدا چالاکیی زۆر و بەرنامەیەکی دەوڵەمەندمان هەبووە لە نێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستانی عێراق لە بوارەکانی کولتوور، خوێندنی زانستی، بازرگانی، ئابووری و مرۆیی."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەرمینیا گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ عێراق و بە دیاریکراوی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەدات."
 
پەیوەندی کولتووری و مێژوویی هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا پێکەوە دەبەستێتەوە. 
 
شوباتی ئەم ساڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەو وڵاتە دوای بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا. 
 
کۆنسووڵی گشتیی ئەرمینیا باسی لەوە کرد، لە ماوەی ئەو سەردانەدا، کۆڕبەندێکی بازرگانی بە بەشداریی بازرگانانی ئەرمینیا و بەرپرسانی ژووری بازرگانیی هەولێر بەسترا. هەروەها لە ساڵی 2022 لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا دوو کۆڕبەندی بازرگانیی هاوشێوە هەبوون. 
 
هاروتونیێن گوتی: " ئێمە دڵنیاین ئەمانە هەنگاوی باشن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی نێوان هەردوو لا."
 
کۆنسووڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، شاندێکی دیکەی بازرگانیی ئەرمینیا سەردانی هەولێر دەکات بۆ ئەوەی لە پێشانگەیەکی کشتوکاڵیدا بەشداربێت، لە کاتێکدا بە گوتەی خۆی، وەک وڵاتێکی "ناودار لە بواری سیستمی ئاودێریی سەردەمیانە،" ئەرمینیا دەیەوێت ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوبەش بکات. 
 
لەبارەی ئەو کۆمپانیا ئەرمینیانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان کاربکەن، هاروتونیێن گوتی: "ئێمە بیر لە بواری جیاجیا دەکەینەوە، وەک کەرتی تەکنەلۆجیای زانیاری، وزەی پاک، وزەی خۆر، سیستمی ئاودێریی مۆدێرن کە ئەرمینیا پێی بەناوبانگە،" هەروەها کەرتی بەڕێوەبردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە