کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە دەبێت

21-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن هەڵبژاردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی یەک بازنە دەبێت و هەموو ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە و تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە، مافی دەنگدانیان دەبێت. جیاکردنەوەی و ژماردنی دەنگەکانیش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێنمایی تایبەت بە دەنگدان و جیاکردنەوە دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لە رۆژی 05-09-2023ـدا دەرکردووە و بەم دواییانە لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە.
 
بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە یەک بازنە و بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەمووارکراو دەبێت. هەموو کەسێک مافی دەنگدانی دەبێت بەمەرجێک تەمەنی 18 ساڵ زیاتر بێت و کارتی بایۆمەتری، رەگەزنامە یاخود کارتی نیشتمانیی هەبێت. 
 
دەنگدانی تایبەت، (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ  پێشمەرگە، سوپا، کارمەندی نەخۆشخانەکان و زیندانیان) 48 کاژێر پێش دەنگدانی گشتی دەبێت و لە ناوەندە تایبەتەکان دەنگ دەدەن و پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانیش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت. هەموو دەنگدەرێک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی، راستەوخۆ و نهێنی دەنگ بدات. 
 
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێنماییەکاندا دەڵێت، دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت بە بەکارهێنانی ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی کە لەسەر ئاستی وێستگەکانی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا هەڵگیراوە و کارتی بایۆمەتری دەخوێنێتەوە و بەراوردکاری دەكرێت لەنێوان پەنجەمۆر و خوێندنەوەی (QR)ـی كارتی دەنگدان، هەروەها بەراوردی لەنێوان تۆماری کارتەکە و تۆماری ئامێرەکە، کارتەکە دەخرێتە ناو ئامێری جیاکردنەوەی و ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگەکان و شیکردنەوەی کارتەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ.
 
بەگوێرەی رێنماییەکان، دەنگدانی تایبەت و گشتیش کاژێر 7:00ـی بەیانی بۆ 6:00ـی ئێوارە دەبێت و هیچ کەسێک ناتوانێت پێش ئەو کاتە و دوای ئەوەش دەنگ بدات، بەپێچەوانەوە دەنگەکەی رەتدەکرێتەوە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت، دەبێت دەنگدەر خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی بێت و هاووڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراق بێت.
 
هەر بەپێی ئەو رێنماییانە، دوای تەواوبوونی دەنگدان و کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەر بەڕێوەبەری وێستگەیەکی دەنگدان، دەتوانێت ئەنجامە سەرەتاییەکان بۆ هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی بڵاوبکاتەوە. دواتر کۆپییەکی ئەنجامەکانیش دەدرێتە نوێنەری حیزبە سیاسییەکان و ئەو لیست و بەربژێرانەی دەیانەوێت دەستیان بکەوێت و لەسەر دیواری ئەو وێستگەیەش ئەنجامەکان هەڵدەواسرێت.
 
بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 01-10-2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەتواندرا لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە 09-10-2022 لە دانیشتنێکی پەرلەماندا بە دەنگی 80 پەرلەمانتار، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی 2023 درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. 
 
رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە و بەوەش نەتوانرا یاساکە هەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەکخران، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، ئەویش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو، سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان داوایان دەکرد هەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنە بێت، بەڵام ئێستاش کۆمیسیۆنی عێراق بڕیاریداوە هەڵبژاردن بەیەک بازنە بێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زەوییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

وەزارەتی شارەوانی: قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەین

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەن