مەسرور بارزانی پیرۆزبایی 53ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ

لە 53ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و  ئەنجوومەنی ناوەندی و گشت مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئومێدەوارم یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بەردەوام بێت لە ئەرکی پیرۆزی خۆی لە پەرەپێدانی کولتووری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان."
 
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دەڵێ ئومێدەوارە یەکێتیی زانایان بەردەوام بێت لە "بەرەنگاربوونەوەی هزری تووندڕۆیی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان."
 
یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان لە 21ــی ئەیلوولی 1970 لە ناحیەی گەڵاڵەی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بە چاودێری و ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنراوە، بارەگای سەرەکیی یەکێتییەکە لە پارێزگای هەولێرە. 
 
هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتییەکە کرد و رایگەیاند: "رۆڵ و خه‌بات و تێكۆشانى مامۆستايان و زانايانى ئايينى و يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌مكاريدا، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى و كاريگه‌رييان له‌ ئێستاى ئازادى و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و هه‌وڵ و كۆششيان له‌پێناو پاراستنى مافه‌كانى زانايانى ئايينيدا، به‌رز و به‌ رێزه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنين."