پاسپۆرتی گەرمیان: نەخۆشێک بەهۆی دواکەوتنی پێدانەوەی پاسپۆرت بینایی لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
عەسکەر ئەکبەر رەحیم، هاونیشتمانییەکە و لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە داوای نوێکردنەوەی پاسپۆرتی براکەی کردووە و زیاتر لە چوار جار چووە بۆ وەرگرتنەوەی، بەڵام هێشتا وەرینەگرتووەتەوە.
عەسکەر ئەکبەر باس لەوە دەکات، براکەی نەخۆشە و لە هەولێر دەمێنێتەوە، ناتوانێت ئەو رێگە دوورە ببڕێت، بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکەی.
پزیشک بە برای ئەو هاونیشتمانییەیان گوتووە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر دەبێت سەردانی ئێران بکات. عەسکەر ئەکبەر دەڵێت، چەندین جار چووەتە نووسینگەی پاسپۆرت لە گەرمیان، بەڵام پێیان گوتووە چاوەڕێ بکات.
عەسکەر ئەکبەر دەشڵێت، چووەتە لای بەڕێوەبەر، ئەو پێی گوتووە، رۆژی چوارشەممە ئەگەر دەفتەری پاسپۆرتیان بۆ هات بڕوات و پاسپۆرتەکەی دەدەنەوە.
نۆ مانگە، گرفتی کەمیی دەفتەری پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان دروست بووە، لە گەرمیان 20 هەزار هاونیشتمانی، چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان دەکەن.
بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە گەرمیان، چیرۆکی نەخۆشێک بۆ رووداو دەگێڕێتەوە کە نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت وایکردووە، چاوەکانی بینایی لەدەستبدات و دەڵێت، ئەوە "زۆر کاریگەری لەسەرم هەبووە."
ریاز محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە گەرمیان دەڵێت، "ئەو کەسانەی دێن زۆرینەیان نەخۆشن یان خوێندکارن و دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، بەشێکی دیکەش، رسقی ماڵ و منداڵییان لەسەر ئەو پاسپۆرتەیە و دەچنە دەرەوە بۆ کارکردن."
تەنیا لە سلێمانی دەرهێنانی پاسپۆرت کراوە بە ئەلیکترۆنی، لە نووسینگەکان تاوەکو ئێستا بە شێوازە کۆنەکەیە، لە سلێمانی 24 هەزار، لە رانیە 14 هەزار و لە هەڵەبجە 12 هەزار 500 هاونیشتمانی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیانن.