رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی کەمدەرامەت لە زاخۆ پێویستییان بە هاوکارییە. بژێویی ژیانیان لەسەر کوڕە تەمەن 13 ساڵەکەیانە کە وازی لە قوتابخانە هێناوە کاری بۆیاخچێتی دەکات؛ بەڵام ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێت، بەشی بژێوی خێزانەکەی و دایک و باوکە نەخۆشەکەی ناکات.
محەممەد یونس تەمەنی 13 ساڵە؛ دەبوو ئێستا لەگەڵ هاوڕێکانی پۆلی هەشت بووایە و کتێبی ساڵی نوێی وەرگرتبا، بەڵام ماوەی چوار ساڵە وازی لە قوتابخانە هێناوە و کاری بۆیاخکردنی پێڵاو دەکات. چاوی لەوەیە کەسێک بەلایەوە بچێت و پێڵاوەکەی پێبدات بۆ ئەوەی بۆی بۆیاخ بکات کە ئەوەش سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی خێزانەکەیەتی.
محەممەد دەڵێت، "بەیانییان کاژێر 07:00 یان 08:00 دێمە سەر کار. رۆژانە نۆ تا 10 هەزار دینار کاردەکەم. باوکم ناتوانێت کاربکات. نەخۆشیی دەروونیی هەیە. من کاردەکەم و بژێوی ماڵەوە دابیندەکەم. ئەمە باشترە لەوەی لە ماڵەوە دانیشم و هیچ کارێک نەکەم."
ماڵباتی محەممەد لە زاخۆ دادەنیشن؛ باوکی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە و دەڵێت ناتوانێت کار بکات. دایکیشی نەخۆشیی شەکرەی هەیە. هەردووکیان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
یونس شاکر، تەمەنی 38 ساڵە و باوکی محەممەدە. پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت، کاری نانپێژیی دەکرد، دەڵێت، "سوێند بەخودا بارودۆخمان خراپە. هاوژینەکەم کەمئەندامە. چاوەکانی بەباشی نابینن. گوشاری خوێن و شەکرەی هەیە. منیش خۆم چارەسەری دەروونی وەردەگرم. بژێوی ژیانمان لەسەر کوڕەکەمانە. ئەگەر جوامێرێک هاوکاریمان بکات باشە، ئەگەر نا، ژیانمان (بەزەحمەت) دەبەین بەڕێوە."
پزیشک پێی گوتوون، پێویستە بەردەوام چارەسەر وەربگرن. بەڵام کڕینی دەرمان بۆ ئەوان قورسە، لەبەر ئەوەی ئەو داهاتەی محەممەدی کوڕیان پەیدای دەکات، بەشی بژێوی ژیانیان و کڕینی دەرمانەکان ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ