چوارشەممەی داهاتوو پشووی فەرمییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام رایگەیاند بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلامەوە محەممەد (د.خ.) رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوول کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلامە، محەممەد (د.خ.)، بەم بۆنەیەوە لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پشوو دەبێت."
مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوا لە خەڵک دەکات بەم بۆنەیەوە زیاتر پابەندی بەها و رەوشتە بەرزەکانی پەیامبەر بن لە دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان، یارمەتیدانی هەژاران و پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی و رێکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی.
رۆژی 12ـی رەبیوعولئەوەلی ساڵی 1445ی کۆچی، کە ئەمساڵ بەرامبەرە بە 27ـی ئەیلوولی 2023، رۆژی لەدایکبوونی محەممەد (د.خ.) پێغەمبەری ئیسلامە.
پێغەمبەری ئیسلام ساڵی 571ـی زایینی لە شاری مەککە لەدایکبووە. دوایین پەیامبەرە بۆ مرۆڤایەتی بنێردرێت وەکو قورئانی پیرۆز ئاماژەی بۆ کردووە، رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام لەنێو موسوڵماندا بە یەکێک لە رۆژە پیرۆزەکان هەژمار دەکرێت و تێیدا جگە لە دەربڕینی خۆشی، خواردن و خواردنەوە دابەشدەکرێت و لە مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بە خوێندنەوەی قورئان و سروودە ئایینییەکان و بە جێگەیاندنی سرووتەکان و رێوڕەسم، یادەکە بەرز رادەگیرێت.
پەیامبەری ئیسلام لە ساڵی 632ـی زاینی کۆچی دواییکردووە، لە تەمەنی 40 ساڵیدا سرووشی بۆ هاتووە و موژدەی بوون بە پەیامبەری پێ ڕاگەیێندراوە.