سەندیکای رۆژنامەنووسان: پەیجەکانی فەیسبووک هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە

21-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەکۆی ماڵپەڕ و پەیجە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا 88 ماڵپەڕ و "چەند" پەیجێک لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون. بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان دەڵێت، پڕۆژەیان هەیە بۆ رێکخستنەوەی میدیای ئەلیکترۆنی و تێیدا سزای زیندانیکردن نەماوە و پێبژاردن هەیە. نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش دەڵێت: "پەیجەکانی فەیسبووک هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە".
 
رۆژی چوارشەممە، 21-9-2022، موحسین حوسێن، بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و سوودمان لە زۆر وڵاتی پێشکەوتوو وەرگرتووە بۆ رێکخستنەوەی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆکرا، بەڵام رێگریی زۆری هاتەپێش بۆ خوێندنەوەی دووەم".
 
لەبارەی رێگرییەکان، بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "هاونیشتمانی بەو جۆرە تێگەیێندرابوو کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت ئازادی کۆت بکەن و خەڵک بە ئازادی قسە نەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە ئامادەمان کردووە جیاوازە. لەو پڕۆژەیەی ئێمەدا باسی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین نییە و تەنیا سزای پێبژاردنی ماددی دەبێت بۆ ئەوانەی کارێکی نایسایی دەکەن؛ ئەمساڵ دووجار گفتوگۆمان لەسەر کردووە و دەمانەوێت پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەین".
 
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، حاکم ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەیجەکانی فەیسبووک هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە، لە بونیاتی یاساییەوە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئێمە فەتوایەکی دا و رایگەیاند، پەیجەکانی هەواڵ و زانیاری لە سەندیکا تۆمار بکرێن تاوەکو ئەوکاتەی بابەتەکە بە یاسا لە پەرلەمانی کوردستان یەکلادەکرێتەوە".
 
لەسەر داوای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، "چەند" پەیجێکی فەیسبووک لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون، ئازاد حەمەئەمین دەڵێت: "ئەوانەی تۆمارکراون ئێمە دەزانین کێ سەرنووسەریانە و خەرجییەکانیان چۆنە؛ سەرنووسەر دەبێ بیسەلمێنێت کە رۆژنامەنووسە و ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانە."
 
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی، سۆشیاڵمیدیا یان میدیای خەڵک، دەبێت لە رۆژنامەنووسی پیشەیی جیابکرێنەوە، بەڵام زۆر جاریش میدیای ئەلیکترۆنی و میدیای پیشەیی لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ دەکرێن.
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کۆردستان بۆ رێکخستنی میدیا لە هەرێمی کوردستان، حاکم ئازاد گوتی: "ئێمە هەندێک ستانداردمان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دا بە وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ چاککردنی نێوەڕۆک؛ دەبێ جۆرێک میکانیزم بدۆزرێتەوە کە کاتی دەوێت. ئێمە لە داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە و رۆشنبیری و پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر دەکەین".
 
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "بەڕاشکاوی دەیڵێم لە هیچ وڵاتێک نییە یاسایەک هەبێت بەناوی یاسای شۆشیاڵمیدیا؛ تەنیا لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان نەبێت، چونکە کەس بۆی نییە سنوورێک بۆ سۆشیاڵمیدیا دابنێت، بەڵام لە هەندێک وڵاتاندا و بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا، وەکو چۆن رۆژنامەنووسی پیشەیی ناچارە بە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی ئیتیکی رۆژنامەوانی، هاووڵاتیش لەکاتی بڵاوکردنەوەی زانیاریدا نابێت سووکایەتی بکات و زانیاریی ناڕاست بڵاوبکاتەوە؛ نابێت بابەتی خەڵکی دیکە بدزێت، لە زۆرینەی وڵاتان لەژێرناوی پاراستنی مافی تاک ئەمە رێکخراوە".
 
حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان جەختدەکاتەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان لە "چاکسازی" لە یاساکانی رۆژنامەوانی و دەڵێت: "22ی نیسانی رابردوو لەگەڵ فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بۆ ریفۆرمکردنی یاساکانی کوردستان لە بواری میدیادا پڕۆژەیەکمان دا بە پەرلەمانی کوردستان، لەم رۆژانەدا دانیشتنێکی لەسەر دەکەین، بە دوای سپۆنسەردا دەگەڕێین و ئێمە ئەم پڕۆژەیە تەواو دەکەین".
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، 88 ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون.
 
- هەولێر 28 ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی.
- سلێمانی 49 ماڵپەڕ.
- دهۆک 10 ماڵپەڕ.
- گەرمیان 1 ماڵپەڕ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.