بۆچی ئەمساڵ یەکەم رۆژی پاییز دەکەوێتە 22ی ئەیلوول؟

21-09-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن پاییز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی چوارشەممە، 22ی ئەیلوولی 2021 یەکەم رۆژی پاییز دەبێت لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێـمی کوردستان دەڵێت لە هەمان رۆژدا، کە لەلای ئێمە پاییز دەبێت لە بەشێکی نیوە گۆی زەوی، وەرزی بەهار دەستپێدەکات.
 
ئەژی چەتۆ حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێـمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە 22ی ئەیلوولی 2021 یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە، لەو رۆژەدا ماوەی دووریی نێوان خۆر و زەوی دەبێتە نزیکەی 149 ملیۆن کیلۆمەتر و ماوەی شەو و رۆژ لەم وەرزە نزیک دەبێتەوە لە یەکدی، رۆژی 22ی ئەیلوولی 2021 لەنیوەی گۆی باکووری زەوی سەرەتای وەرزی پاییزە و لە نیوە گۆی باشووری زەوی یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەبێت، بەتایبەت لە ئوستڕالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقیا و وڵاتانی ئەمریکای باشوور".
 
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەو رۆژەوە، ئەژی چەتۆ گوتی: "رۆژی 22ی ئەیلوول ئاسمان لە هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، هەندێک هەوری بەرز لەبەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبن، کە ئەگەری باران باریینیان لێ ناکرێت، پلەکانی گەرماش دادەبەزن".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی رۆژی 21ی ئەیلوول یەکەم رۆژی پاییز نییە؟ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتییی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێـمی کوردستان گوتی: "لە زانستی فەلەکیدا دیاریکردنی یەکەم رۆژی پاییز پشت بە دووری نێوان خۆر و زەوی دەبەستێت کە بەپێی هەژمارکردنە فەلەکییەکان دەگۆڕێت، بەوپێیە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە رۆژی 22ی ئەیلوول دەستپێدەکات نەوەک 21ی ئەیلوول، بەڵام ساڵیش هەیە 21ی ئەیلوول دەستپێدەکات، ساڵیش هەبووە 23ی ئەیلوول سەرەتای وەرزی پاییز بووە، کە روودانی ئەمە کەمترە".
 
روونیشیکردەوە: "لەنێو کورددا زۆر جار دەگوترێت 21ی مانگی نۆ، سەرەتای وەرزی پاییزە. بۆ ئەمە زیاتر پشت بە لێکدانەوەی کوردەواری بەستراوە، بەڵام لە حیسابی فەلەکی، دەکرێت یەکەم رۆژی پاییز 21 و 22 و 23ی ئەیلوولیش بێت".
 
پاییز یەکێکە لە وەرزەکانی ساڵ، دەکەوێتە نێوان وەرزەکانی هاوین و زستان، لەم وەرزە گەڵای دارەکان هەڵدەوەرن و زۆر جار دیمەنێکی ئەوتۆی جوان دروستدەکات، دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ شاعیران.
 
زۆر هەڵبەست بۆ وەزری پاییز نووسراون و زۆر گۆرانیش بۆ ئەو وەرزە گوتراون. لەوانە گۆرانیی 'پاییز پاییز بووکی قژ زەرد' کە لەلایەن نەجمەدین غوڵامی گوتراوە. هەروەها گۆرانیی "پاییز بوو باران نم نم دەباری' کە لەلایەن عەدنان کەریمەوە گوتراوە.
 
شاعیری کۆچکردووی کورد محەممەد عومەر عوسمان، هێندە سەرسام بوو بە پایز و هێندەی شیعر بۆ ئەو وەرزە چڕیبوو، بە 'ژەنەڕاڵی پایز' ناسرابوو.
 
ئەژی چەتۆ حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد کە رۆژی 22ی ئەیلوولی 2021 لە جەمسەری باکووری زەوی، شەوێکی شەش مانگی دەستپێدەکات کە خۆری تێدا هەڵنایەت، هەروەها لە جەمسەری باشووری زەویش خۆڕ هەڵدێت و بۆ ماوەی شەش مانگ ئاوا نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە