زانکۆی سەڵاحەدین: سبەی یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی ئەکادیمییە

21-09-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن زانکۆی سەڵاحەدین
A+ A-

رووداو - هەولێر

زانکۆی سەڵاحەدین خوێندکارانی ئاگاداردەکاتەوە دەرگای بەشە نێوخۆییەکان و پۆلەکانی کراوەیە بۆ پێشوازیکردن لێیان لە ساڵی نوێی خوێندن. 

هۆگر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین بە رووداوی راگەیاند "سبەی (یەکشەممە، 22-9-2019) یەکەم رۆژی ساڵی نوێی ئەکادیمییە لە زانکۆی سەڵاحەدین. ئێمە، ئەمساڵ نزیكەی شەش هەزار قوتابی وەردەگرین، سەرەڕای ئەوەی ساڵانی پێشوو لەم ژمارەیە كەمترمان وەردەگرت و كێشەی باڵەخانە و بەشە ناوخۆییمان هەبوو".

بەپێی پلانی زانكۆی سەلاحەدین ئەمساڵ بە سێ شێواز خوێندکار وەردەگیرێت: زانكۆلاین، کە لەرێگەی راستەوخۆ و تاقیكردنەوە دەبێت لە هونەرە جوانەكان، راگەیاندن، وەرزش و زانستە ئیسلامیەكان یان بەشێوەی كریدیت. لە زانكۆلایندا چوار هەزار قوتابی وەردەگیرێن. شێوازی دووەمیش بە پاراڵێلە، ئەویش 1000 قوتابی وەردەگیرێن، شێوازی سێیەمیش خوێندنی ئێوارانە و، نزیكەی 1000 هەزار قوتابی وەردەگیرێن، سەرەڕای ئەمانەش نزیكەی 150 مامۆستای بنەڕەتی لە كۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی وەردەگیرێن.

ئەمساڵ بۆ ساڵی نوێی خوێندن شەش هەزار خوێندکار لە زانکۆی سەڵاحەدین وەردەگیرێن، زانکۆکە بەشێکی نوێی کردووەتەوە کە بەشی زمانی چینییە و 20 خوێندکار وەردەگرێت، هەروەها بەگوتەی هۆگر ئیبراهیم لە پلانیاندایە بۆ ساڵی داهاتوو بەشی زمانی رووسیش بکەنەوە، بەڵام ئەوە پێویستیی بە رێککەوتن هەیە.

زانکۆی سەڵاحەدین 15 کۆلێژی هەیە، 24 هەزار و 160 خوێندکار کە زیاتر لە نیوەیان کچن (14 هەزار و 141 کچ و 10 هەزار و 19 کوڕ) لێی دەخوێنن، هەروەها دوو هەزار و 148 مامۆستای هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە