رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی 800 ئاوارەی دیکەی لە هەولێرەوە بۆ پارێزگای نەینەوا راگەیاند، گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و ئەمساڵ سەرجەم کەمپەکان دادەخرێن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەڕێوەبەری لقەکانی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21ـی ئابی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ زیاتر لە 800 ئاوارە لە کەمپەکانی هەرشەم و بەحرکەی سەر بە هەولێر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوە دا بەردەوام دەبن لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان. گوتیشی، ئێستا قایلبوونێکی زیاتر لە جاران لەلایەن خێزانەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
لە کەمپەکانی هەولێر نزیکەی 3 هەزار و 500 خێزان و لە کەمپەکانی دهۆکیش نزیکەی 20 هەزار خێزان ماون، بەڵام لە کەمپەکانی سلێمانی هیچ ئاوارەیەک نەماوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ـی تەممووزی ئەم ساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دانابوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە دواکەوت، دوای لێکتێگەیشتنی هەردوولا لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، پرۆسەکە خێراتر بووە.
رۆژی 07-08-2024 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، قۆناخى سێيهمى گهڕانهوهى ئاوارهكانى دهڤهرى حهسهن شام/خازر جێبهجێدهكرێت کە 266 خێزانن، 107ـیان له كهمپهكان و 159ـیان له دهرهوهى كهمپهكان دەژین و ئارەزوومەندانە دهگهڕێنهوه زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ