هاوسەرۆکی شارەوانیی فارقین بۆ رووداو: ناوە کوردییەکان دەگەڕێنینەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی شارەوانیی فارقین لە پارێزگای ئامەد رایگەیاند، ناوە کوردییەکان بۆ تەواوی گوند، چیا و دەشتەکانی ناوچەکە دەگەڕێننەوە و تابلۆی کوردیش هەڵدەواسن.
 
قادری ئەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانیی فارقین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا، رۆژی سێشەممە 20-8-2024 رایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە ناوی کوردی بۆ گوند، چیا و دەشتەکانی سنوورەکەیان بگەڕێننەوە. 
 
ئەسەن بەڵێنی بە دانیشتووانی سنووری شارەوانییەکەی دا و گوتی: "پێشتر شارەوانییەکانمان قەییووم کرابوون و رادەستی قایمقام و پارێزگارەکان کرابوون. بەتایبەتی لە هەندێک شارەوانیدا دژایەتیی زۆری کولتوور و زمان کرا. دژایەتیی زۆری کورد کرا. بەتایبەتی شارەوانیی فارقین کە ماوەی 7-8 ساڵ لەلایەن قەییوومەوە بەڕێوەچوو".
 
سەرۆکی شارەوانیی فارقین هەروەها رایگەیاند، ئەوان گرنگیی زیاتر بە زمانی کوردی و کردنەوەی دایەنگەی کوردی دەدەن.
 
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-3-2024 بەرێوەچوو، لە شارەوانیی فارقین بەربژێری دەم پارتی 70.96٪ی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها بەربژێری ئاکپارتی 9.08٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.