ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکانى تورکمان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى داواکردنە لە تورکمانەکان بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستانەى بۆیان دیاریکراوە، بەرەى تورکمانى عێراقیش دەڵێت "تاکە رێگەپێدراو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانى ئەو پێکهاتەیە، لیستى تورکمانى یەکگرتووە."
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دەستى کەوتوون، محەممەد حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بانگهێشتى ئەندامانى ئەنجوومەنەکەى کردووە بۆ ئەوەى رۆژى شەممە (24ـی ئاب) کۆببنەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە سێ بڕگە پێکدێت؛ دەنگدان لەسەر پێکهێنانى لیژنە بۆ هەموارى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن، تاوتوێکردنى پرسی دامەزراندنى گرێبەستەکان کە زیاتر لە حەوت هەزار کەسە، بڕگەى سێیەمی کۆبوونەوەکەش ئەوەیە "داوا لە تورکمانەکان بکرێت پۆستەکانیان پڕبکەنەوە."
 
رۆژی 21ـی ئابی 2024 بەرەى تورکمانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنى پارێزگا بەنیازە کۆبوونەوەیەک بکات بۆ ئەوەى داوا لە تورکمان بکرێت ناوى بەربژێرانى ئەو پێکهاتەیە بۆ پۆستەکان پێشکێش بکەن. 
 
بەرەى تورکمانى دەڵێت "بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى پارێزگاى دووپاتدەکەینەوە، لایەنى رێگەى پێدراو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران فراکسیۆنی بەرەى تورکمانى یەکگرتووە و، فراکسیۆنەکە سکاڵایەکى لە دادگە هەیە، ناکرێت هیچ هەنگاوێک بنرێت بەر لە دەرچوونى بڕیارێک لەدادگاوە".
 
بە گوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی لە نێوان یەکێتى بەشێک لە عەرەبەکانى کەرکووک، 18 پۆست بۆ تورکمانەکان داندراوە  لەوانە جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، جێگرێک و یاریدەدەرێکى پارێزگار.
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
 
ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیی عەرەبی، لێکەوتەوە و لە دادگەى فیدراڵى سکاڵایان لەدژى ئەو کۆبوونەوەیە تۆمار کرد.  
 
بەرەى تورکمانى عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "ئەو رۆژەى بۆ کۆبوونەوەکە دیاری کراوە، پشووى فەرمییە و دەیانەوێت ئەو پێشێلکارییانە تەواو بکەن کە لە هۆتێل رەشید دەستیانپێکرد."