پەیمانگەیەکی تایبەت لە سلێمانی دەبێتە ماڵی دووەمی منداڵانی بێ دایک و باوک

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پێشەوا بەختیار
منداڵانی بێ دایک و باوک لە قۆناخی باخچەی ساوایان تاوەکو 12 ئامادەیی لەو پەیمانگایە وەردەگیرێن
منداڵانی بێ دایک و باوک لە قۆناخی باخچەی ساوایان تاوەکو 12 ئامادەیی لەو پەیمانگایە وەردەگیرێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەیمانگەیەکی تایبەت لە سلێمانی بووەتە ماڵی دووەمی منداڵانی بێ دایک و باوک، لەو پەیمانگەیە وانەی تایبەت بە فێربوونی زمان و پەروەردە بێ بەرامبەر بە منداڵان دەگوترێتەوە.
 
ئەم شوێنە، بووەتە جێگەی دڵخوازی هەموو منداڵەکان و بەخۆڕایی هەفتەی سێ رۆژ بۆی دێن. لە هەر پۆلێکی پەیمانگەکە، بەلایەنی کەمەوە 22 منداڵ لە تەمەن و ئاستە جیاوازەکان هەن.
 
دڵی هادی، یەکێک لە منداڵانی پەیمانگەکە بە رووداوی گوت "من، هیچ عەرەبی و ئینگلیزیم نەدەزانی، بەڵام ئێستا کە هاتووم بۆ ئێرە، زۆر باش فێربووم."
 
قوتابییەکی دیکە بەناوی پاراو هادی دەڵێ "لێرە راهێنانمان زۆر پێدەکەن، لە رێگەی ڤیدیۆ و هەموو شتێکەوە."
 
تاکە مەرجی وەرگرتنی منداڵ لەو پەیمانگایە ئەوەیە؛ بێ دایک و باوک بێت و هەژار بێت، چونکە دەیانەوێت بیکەنە ماڵی هەڵگرتنی ناز و پەروەردەکردنی منداڵ.
 
منداڵەکە لە هەر گەڕەک و جێگەیەکی سلێمانی وەرگیرابێت، رۆژانە بە پاس هاتووچۆی پێدەکرێت و دوو ژەم خواردنیشی بۆ دابینکراوە.
 
ئەسرا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیمانگای تیم بە رووداوی گوت "ئێمە، 250 منداڵمان لە کۆڵانەوە هێناوە کە خێزانەکانیان هەژارن و ناتوانن باش پەروەردەی منداڵەکان بکەن، ئێمە هاتووین پەروەردەیان دەکەین و لە داهاتوو وا دەکەین ببنە خاوەن کاری خۆیان."
 
لەگەڵ وانە زانستی و پەروەردەییەکان، وانەی وەرزشی و هونەریش دوو وانەی سەرەکیی ئەو منداڵانەن. زۆربەی منداڵەکان فێری کاری دەستی کراون و بەرهەمەکانیان دەفرۆشنەوە، لە فرۆشەکەش 70٪ـی پارەکە بۆ منداڵەکە و 30٪ـەکەی دیکەشی بۆ کڕینی کەرەستەکان بەکاردەهێنرێت. 
 
نەسرین ئەحمەد، سەرپەرشتیاری هونەری لە پەیمانگەکە بە رووداوی گوت "منداڵەکانم فێری ئەو کارانە کردووە، کە لە بازاڕ دەفرۆشرێن و خواستیان لەسەرە."
 
منداڵانی بێ دایک و باوک لە قۆناخی باخچەی ساوایان تاوەکو 12 ئامادەیی لەو پەیمانگایە وەردەگیرێن بەپێی مەرجەکان، تەواوی پڕۆژەکەش خێرخوازییە و بەڕێوەبەرانی چاویان لەوەیە؛ سەرمایەدار و خێرخوازان دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن و نەهێڵن ئەو پڕۆژەیە لە سێ مانگی داهاتوودا دووچاری داخستن یان خاوبوونەوە ببێت، چونکە دەڵێن تێچووەکەی زۆرە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە