بەڤیدیۆ.. لە هەولێر ژنێک ئەشکەنجەی کچە چوار ساڵانەکەی دەدات و دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێک لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەردەکەوێت، کە ئەشکەنجەی منداڵێک دەدات، پۆلیسی هەولێر دەڵێ "ژنەکە خەڵکی بەغدایە و دەستگیرکراوە."
 
ئاسایشی هەولێر ئەمشەو (چوارشەممە، 21-8-2024) رایگەیاند دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی منداڵێکی بچوک لە لایەن ئافرەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، "لە لایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون کرا و دەرکەوت ئەو ئافرەتە بە رەگەز عەرەبی عێراقییە و ناوی (ز. و. م.)ـە خەڵکی شاری بەغدایە."
 
ژنەکە بەمەبەستی کارکردن لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، وەک ئاسایش رایگەیاندووە.
 
لەگەڵ ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانەکە، ئاسایش ڤیدیۆی ژنەکەی بە قۆڵبەستکراوی بڵاوکردووەتەوە و، دەڵێ "بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرمان کرد."
 
ئەو ژنە وەک لە لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش دەرکەوتووە، دایکی منداڵەکەیە و، پێش ماوەیەک لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. منداڵەکەش کچە و تەمەنی چوار ساڵانە.