ئەنجوومەنی وەزیران: نابێت بەهۆی تێبینیی دیوانی چاودێری تەواوی مووچە رابگیرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ "نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ ببێتە هۆی راگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەکرێت."
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران (چوارشەممە، 21-8-2024) بابەتی مووچەی مووچەخۆران بوو، کە سەرەڕای ئەوەی 21ـی ئابە، هێشتا کەمتر لە 1٪ـی مووچەی مانگی تەممووز لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج کراوە.
 
لە راگەێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە؛ بەغدا مامەڵەیەکی جیاکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات "چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێريی دارايی فیدراڵ، بەردەوام راپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدراڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات، مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکرێت."
 
هەروەها دەڵێ "وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر راسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارايی هەرێم و بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت راپۆرتەکانی چاودێريی دارایی، ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."
 
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە بەرپرسیار دەزانێت لەوەی مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 رۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیاریيە داواکراوەکان، رەوانە کراوە، "بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ، مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە."
 
مووچە بە بڕیاری دادگە بە دوورگیراوە لە ناکۆکیيەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووريی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەنجوومەنی وەزیران "سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبەرانبەر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کاتی خۆیدا، هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە."
  
تاوەکو ئەمڕۆ، بەغدا تەنیا ملیارێک و 426 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، کە دەکاتە 00.14٪ـی کۆی گشتیی مووچەی مووچەخۆران.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئەوان نین، باسیشی لە هۆکاری زیادبوونی مووچەی مانگی تەممووز بەراورد بە مانگی ئایار کرد.
 
لەبارەی دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆران لەنێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی گوتی "دوای بەدواداچوون، دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاسا و دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سوودمەندن لە هاوکاریی چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی راگرتنی مووچە، پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکارییەکە لای خۆیان رابگرن نەک مووچە."
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بینای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکانى تورکمان کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى داواکردنە لە تورکمانەکان بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستانەى بۆیان دیاریکراوە، بەرەى تورکمانى عێراقیش دەڵێت "تاکە رێگەپێدراو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانى ئەو پێکهاتەیە، لیستى تورکمانى یەکگرتووە."