هاتووچۆی سلێمانی: ئاگاداری ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییانەی شۆفێری نین کە لە نووسینگەکانی فڕۆکەوانی دەدرێن

هەولێر دیجیتاڵ

دەنگۆی فرۆشتنی مۆڵەتی نێودەوڵەتیی شۆفێری لەلایەن نووسینگەکانی فڕۆکەوانی هەیە. هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، زانیارییان لەو بارەیەوە نییە و وەزارەتی ناوخۆش بە نووسراو ئەوانی لەو بابەتە ئاگادار نەکردووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 21-08-2024 موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت "بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بەفەرمی پشتڕاستی هیچ یەکێک لەو بەڵگەنامانە ناکاتەوە، کە لە نووسینگەکانی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن."
 
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا؛ مۆڵەتی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەوانەوە دەدرێت، کە لە شێوەی دەفتەرێکە، هەر کەسێک مۆڵەتەکەی بەسەرنەچووبێت، دەتوانێت داوای مۆڵەتی نێودەوڵەتی بکات، کە لەسەر داوای کەسەکە لە یەک ساڵ بۆ سێ ساڵە، لە بەرامبەردا بڕێک پارەی وەکو رسوومات لێوەردەگیرێت.
 
شانۆ هیوا، فەرمانبەرە لە کۆمپانیای 'پارادایس تراڤڵ' لەبارەی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتییەوە بە رووداوی گوت "ئێمە، ئێستا مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا بە 29 دۆلار بۆ خوازیاران دەردەکەین؛ پێشتر نرخەکەی 35 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا داشکانی بۆ کراوە و مۆڵەتەکە بۆ 10 ساڵە. پێویستە شۆفێر مۆڵەتی نێوخۆی عێراقی هەبێت، تاوەکو بتوانێت ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییە دەربکات."
 
شانۆ هیوا، ئاماژەی بەوە دا مۆڵەتەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە ڤیزەیان هەیە. گەشتیار دەتوانێ بۆ سەفەر ئەو مۆڵەتە بەکاربهێنێت.
 
رۆژی سێشەممە (20ـی 8ـی 2024) بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "بە کۆمەڵێک مەرج، شۆفێر دەتوانێت داواکاری پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکات و مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت؛ لەوانە، بڕی پێدانی رسووماتی پرۆسەکە بە ماوەی مۆڵەتەکەوە بەندە. یەک ساڵی بە 50 هەزار، دوو ساڵی بە 100 هەزار و سێ ساڵیش بە 150 هەزار دینارە."
 
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "ئێمە زانیاریمان لەبارەی مۆڵەتی نووسینگەکانی فڕۆکەوانی نییە. وەزارەتی ناوخۆش بە نووسراو ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە کە ئەو مۆڵەتانە فەرمی بن. ئێمە مۆڵەتێکی فەرمیمان هەیە کە مۆری وەزارەتی نێوخۆی پێوەیە؛ هاوکات مۆڵەتەکە ناوی ئەو وڵاتانەی لەسەرە کە لە جنێڤ واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەی مۆڵەتی نێودەوڵەتیی شۆفێری کردووە، کە عێراق یەکێکیانە."
 
فوئاد ئەحمەد حوسێن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەڵەبجە، لەبارەی مۆڵەتی نێودەوڵەتییەوە بە رووداوی گوت "مۆڵەتی نێودەوڵەتیمان داوەتە خەڵک، بردوویەتی بۆ نەمسا و لەوێ بیانوویان پێ گرتووە. دەڵێ ئیشەکەیان بۆی رایی نەکردووە. بەڵام هاوکات مۆڵەتی نووسینگەکان ئیشی لەسەر دەکرێ. ئەمە لای ئێمەیش جێگەی پرسیارە؛ چاوەڕێین کۆبوونەوەی وەزارەت بکرێ و وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرم."