دایکی 'مافیا گەورەکەی سوێد' لە سلێمانی دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ 

دایکی رەوا مەجید دەستگیرکرا. رەوا خەڵکی شاری سلێمانییە و میدیای سوێدی ساڵی رابردوو بە یەکێک لە گەورەترین مافیای وڵاتەکەی ناویبرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دایکی رەوا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە سلێمانی دەستگیرکراوە.
 
ئەفسەرێکی باڵا لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسە [دایکی رەوا مەجید] بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە، ئەویش بەگوێرەی مادەی 273 لە یاسای سزادانی عێراقی."
 
ئەو مادەیەی دایکی رەوای پێ دەستگیرکراوە چەند جۆرێک سزا دەگرێتەوە و دادوەر یەکلایی دەکاتەوە کام سزایەی دەدرێت. بەگشتی، تۆمەتبارەکە سزای بەندکردن یان دارایی دەدرێت. ئەگەر بەندکردن بێت، نابێت لە 7 ساڵ زیاتر بێت.
 
رەوا مەجیدی تەمەن 37 ساڵ کە لە میدیای سوێدی بە "رێوی کورد" ناوی دەهێندرێت، سەرکردایەتیی گرووپێکی بە ناوی "فۆکسترۆت" دەکرد و ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی خۆی شاردبووەوە، لە رۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەکاتی پەڕینەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوور دەستگیرکرا.
 
دوای دەستگیرکردنەکە، باوکی رەوا بە میدیای سوێدی گوت، کوڕەکەی لە ئێران زیندانی کراوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەستگیرکردنەکە، ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "زانیاریی هەواڵگریمان هەیە کە دەریدەخات رەنگە شتەکە بەو جۆرە بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە. ئەگەر رەوا مەجید دەستگیرکرابێت، بەهۆی ئەو تاوانانەی پێی تۆمەتبارە، شتێکی زۆر گرنگ دەبێت."
 
پێش دەستگیرکردنی، رەوا ماوەیەکی درێژ بوو لە تورکیا بوو. پۆلیسی سوێد داوای دەکرد دەستگیربکرێت یان دیپۆرتی سوێد بکرێتەوە، چونکە خاوەن وڵاتینامەی سوێدییە. 
   
بەهۆی دروستبوونی کێشە لەنێوان تۆڕەکەی رەوا مەجید و تۆڕێکی دیکەی مادە هۆشبەرەکان کە ئەوکات کەسێکی یۆنانی سەرکردایەتی دەکرد، ئەیلوولی ساڵی رابردوو شەپۆلێکی تووندوتیژی سوێدی گرتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، بەڵام کەوتنە بەر ئاگری ئەو شەڕە.