کچێکی رووسی و کوڕێکی مەرەشی زەماوەندیان کرد؛ لە هۆتێل یەکدییان ناسی


رووداو دیجیتاڵ

کچێکی رووسی و کوڕێکی مەرەشی زەماوەندیان کرد. ئەمیرهان و ئەرینا لە هۆتێلێکی ئەنتاڵیا یەکدییان ناسیوە. 
 
ئەمیرهان سایگیڵی، زاوا دەڵێت: "خێزانەکانمان یەکدییان ناسی. دواتر لە رووسیا ئاهەنگێکمان سازکرد. بڕیارماندا لێرەش ئاهەنگ سازبکەین".
 
زاوا دەڵێت، دوای ناسین، دڵی چووەتە سەر ئەرینا و پێی وایە پێکەوە دەگونجێن. گوتیشی: "زۆرم خۆشدەوێت. متمانەی تەواوم پێیەتی. هەربۆیە لە ئەنتاڵیا داوام لێکرد ژیانی هاوژینی پێکبهێنین. دواتریش کارەکە گەیشتە ئێرە. بڕیارماندا ژیانی هاوژینی پێکبهێنین".
 
ئەرینا بە کولتووری کورد سەرسامە و خۆشحاڵە دەچێتە نێو گەلێکەوە کە زۆر رێز لە نەتەوەکانی دیکە دەگرن و میواندۆستن. 
 
ئەرینا سالاماخینا، بووک گوتی: "ئێرە زۆر خۆشە. زۆر دڵخۆشم بە ئاشنابوونم لەگەڵ خەڵکی ئێرە. ئەمە سێیەم جارە دێمە مەرەش. بەڕاستی نازانم چی بڵێم، سوپاستان دەکەم".
 
ئەرینای تەمەن 20 ساڵ دەڵێت، هەوڵ دەدات زوو خۆی لەگەڵ داب و نەریتی خەڵکی مەرەش رابهێنێت.