چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ رووداو: هاریس هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەباتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات دڵیان بە کۆنگرەی پارتەکەیان خۆشە و هیوایان بە بردنەوە لە ترەمپ زۆرە. یەکێکیان بە رووداوی گوت، "ئەو گەرم و گوڕییەی لەم کۆنگرەیەدا هەیە لە پێنج کۆنگرەی پێشوودا نەبووە".

رۆژی سێشەممە، 20-08-2024، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەکاتی رووماڵی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ، پرسیاری لە چوار سیناتۆری دیموکراتەکان کرد. پرسیاری یەکەم ئەوە بوو کە ئەوان چۆن لە کۆنگرەکە دەڕوانن و چاوەڕوانییان چییە؟ 
 
جیم مەکگۆڤێرن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ویلایەتی ماساچوسێتس گوتی، "دڵم زۆر خۆشە و هیوام بە داهاتوو هەیە. پێم وایە کامالا هاریس و تیم وۆڵز دوو سەرکردەی ناوازە دەبن بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە. ئەوان دژی ترەمپ و شێتە راستڕۆکان کار بۆ سەرخستنی دیموکراسییەت دەکەن و ئازادیمان دەپارێزن."
 
هاوکات رۆبێرت گارسیا، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "پێم وایە ئەم کۆنگرەیە هەموومانی یەکخست و زۆر دڵخۆشین."
 
هەرچی لۆری تراهانە دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا نزیکەی 300 هەزار دەنگی نوێ بۆ دیموکراتەکان زیادبووە و 80٪ـی ئەو دەنگانە گەنجن.
 
ئیمانوێل کلیڤەر کە لە 2005ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و بە دیار کوردەی گوت، "دەتوانم بڵێم کە ئێمە پارتێکین هەموو نەوەیەک لەخۆدەگرین؛ چەندین خەڵکی لاو هاتوونەتە ریزی پارتەکە و پێشبینی دەکەین دوای کۆنگرەکە خەڵکی زیاتر بێن."
 
رووداو پرسی، بۆچی پێتان وایە ئەم هەڵبژاردنە لە دۆناڵد ترەمپ دەبەنەوە؟
 
مەکگۆڤێرن گوتی، خەڵک لە نەرێنییەکانی ترەمپ بێزاربوون و تووشی زەبری دەروونی بوونە؛ گارسیاش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پیاوێکی "تاوانبار و تەڵەکەبازە." کلیڤەریش گوتی، "لە پێنج کۆنگرە بەشداربووم؛ ئەو گەرموگوڕییەی لەم کۆنگرەیە هەیە، لەگەڵ هیچ کام لە کۆنگرەکانی پێشوو کە بەشداربووم تێیاندا، بەروارد ناکرێت."
 
کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە 19ـی مانگ دەستی پێکرد و بڕیارە سبەی 22ـی ئاب کۆتایی بێت.
 
کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، وەک بەربژێری فەرمیی پارتە شینەکە هەڵبژێردرا و تیم وۆڵزیش بە جێگری هاریس دەستنیشانکرا. رکابەری سەرەکیی هاریس ترەمپە. لە دوایین لێدوانیدا ترەمپ رایگەیاند، "هاریس زۆر لە بایدن ئاسانترە."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی ئەمریکا بکرێت، ترەمپ 46.7٪ـی دەنگەکان و هاریسیش 48.2٪ی دەنگەکان دەباتەوە.