هونەرمەند عەبدوڵڵا هەرکی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند عەبدوڵڵا هەرکی لەسەر رێگەی رۆڤیا - دهۆک تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو. برایەکی هونەرمەندەکە دەڵێت، رەوشی تەندروستیی براکەی جێگیرە و لە نەخۆشخانەی ئاکرێ چارەسەر وەردەگرێت.
 
رووداوەکە کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 لەسەر رێگەی رۆڤیا - دهۆک بووە. فەتحوڵڵا هەرکی، برای عەبدوڵڵا هەرکی بە رووداوی راگەیاند، عەبدوڵڵا و ئامۆزایەکیان لەکاتی چوون بۆ دهۆک ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە و دوای رووداوەکەش بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراون.
 
لەبارەی رەوشی تەندروستیی براکەیەوە، فەتحوڵڵا هەرکی گوتی، قۆڵێکی شکاوە و کەمێک ئازاری هەیە، رەوشی تەندروستیی جێگیرە و ئامۆزاکەشیان بە سووکی بریندار بووە، بەڵام رەوشی تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە و ئێستاش چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکرێت.
 
ئەو برایەی هونەرمەندەکە گوتیشی، ئەگەر پێویست بکات براکەی و ئامۆزاکەی دەبەنە نەخۆشخانەیەکی هەولێر یان دهۆک، "بەڵام سوپاس بۆ خودا، رەوشی هەردووکیان جێگیرە."
 
عەبدوڵڵا هەرکی دانیشتووی قەزای ئاکرێیە، زیاتر لە 10 ساڵە وەکو هونەرمەندێکی گەنج دەرکەوتووە و ناوبانگی لە سنووری بادینان و باکووری کوردستان دەرکردووە. ستایلی سترانەکانی بۆ شایی و گۆڤەندەکانە.