لە ورمێ سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ هاونیشتمانیی کورد، کە دووانیان کوڕ و باوکن گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 21-8-2023، لەسەر رێگەی ورمێ- سێرۆ و بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمۆبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید و تانکەرێکی گواستنەوەی ئاوی سەر بە شارەوانیی ورمێ روویدا، بەهۆیەوە سێ کەس لە سەرنشینەکانی پرایدەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجییەکان، دوو لە قوربانییەکان بە ناوی تۆفیق و فەریق محەممەدی باوک و کوڕن. کەسی سێیەمیش ناوی سادق محەممەدیە و خەزووری تۆفیق محەممەدییە.
 
رەزا پەناهیی موقەدەم، فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ، رایگەیاند: "شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە لە رێگەدا خەوی لێکەوتووە، هەروەها مەودای پێویست لە نێوان دوو ئۆتۆمۆبێلیش لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە خۆی کێشاوە بە تەنکەرەکەدا."
 
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە چوار مانگی رابردوودا 283 کەس لەو پارێزگایە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 594 کەسیش بریندار بوون.
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێرانیش رۆژی یەکشەممە، 30ی تەممووزی ئەمساڵ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە.
 
کەمال هادیانفەر گوتبووی، لە 21-03-2022 تاوەکو 21-03-2023 زیاتر لە 20 هەزار کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 378 هەزار کەسیش بریندار بوون، لەو ژمارەیەش 49٪یان لەکاتی رووداوەکان یان لە رێگەی نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەوەش واتای نەبوونی مەرجی سەلامەتییە لە ئۆتۆمبێلەکان.