پاراستنی ژینگەی سنە: ئاوەڕۆی 170 گوند مەترسی بۆ ئاوی خواردنەوەی پارێزگاکە دروستکردووە

21-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاوەڕۆی 170 گوند دەکەوێتە سەرەوەی ئەو بەنداوانەی، کە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی ئەو پارێزگایە دابین دەکەن، ئەمەش بە مەترسی دادەنرێت بۆ سەر پاکیی و سەلامەتی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی پارێزگاکە، "کە پێویستی بە چارەسەرکردنی بەپەلە هەیە."
 
ئیقبال حەمیدی، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئەگەر بارودۆخی ئاوەڕۆی ئەم گوندانە رێک نەخرێت و کێشەکە چارەسەر نەکرێت، هەمان چارەنووسیی بەنداوی قشڵاقی شاری سنە بۆ بەنداوەکانی دیکەش کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەن لەو پارێزگایە، دووبارە دەبێتەوە.
 
ئیقبال حەمیدی باسی کێشەی پیسبوونی ئاوی بەنداوی قشڵاقی سنەی کرد و گوتی، "ساڵی 2017 سەبارەت بە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی 51 گوندی سەرەوەی بەنداوی قشڵاقی سنە لەگەڵ ئاوی بەنداوەکە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردەوە و ئەگەر ئەوکات پرسەکە بە جددی وەرگیرابا و لە کاتی خۆیدا رێوشوێنی پێویست بگیرایاتەبەر، دۆخی ئاوی ئەم بەنداوە لە ماوەیەکی کورتتر و بە تێچووی کەمتر چارەسەر دەکرا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە 1600 گوندی پارێزگاکە، تەنیا 900 گوند شوێنی تایبەتیی زبڵ و خاشاکیان بۆ دابین کراوە و 800 گوندی دیکە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاکیان شێوازی نەریتی بەکاردەهێنن و ئەوەش کێشە بۆ پاکیی و سەلامەتیی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاکە دروست دەکات.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا پیسبوونی ئاوی بەنداوی قشڵاق بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی چەندین گوندەوە، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی ئای خواردنەوەی شاری سنەیە، ببووە کێشەیەکی گەورە بۆ دانیشتووانی شارەکە و بەو هۆیەوە ماوە ماوە ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە بێ ئاو دەمانەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش بەرپرسانی پارێزگای سنە چەندین جار رایانگەیاند کە سوود لە ئاوی بەنداوی ئازاد وەردەگرن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کوردستان گوتی: "لە دەوروبەری بەنداوەکانی پارێزگای سنە بەتایبەت بەنداوی ئازاد پێویستە هەندێک شوێن بۆ پاشەڕۆی ئاژەڵ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی بارانباریندا ئەو پاشەڕۆیانە نەچنە نێو ئەم سەرچاوانەی ئاوی خواردنەوەی پارێزگاکە."
 
ئیقبال حەمیدی ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی ژینگە و سامانە سرووشتییەکان و هەروەها زانکۆی پزیشکیی سنە بەشدارن لە دیاریکردنی شوێنی تایبەت بە فڕێدانی زبڵ و گوتی: "زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی زبڵ و خاشاک لەو پارێزگایە لە شاری سنەیە و چەندین ساڵیشە شارەکە بەدەست کێشەی شوێنی زبڵەوە دەناڵێنێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە