پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک یەک مانگ مۆڵەتیان لەبەردەمە چۆڵی بکەن
رووداو کەرکووک
پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکە لە کەرکووک یەک مانگ مۆڵەتیان ماوە چۆڵی بکەن و بگوازنەوە ناوچەی پیشەسازیی رۆژهەڵات کە تازە دروستکراوە. دووکاندارەکان دەڵێن دووکانەکانی ناوچەی پیشەسازی گرانن. وەستا مەریوان گەراجێکی گەورەی لە ناوچە پیشەسازییەکە هەیە و دەڵێ بۆ ئەو زۆر باشە، بەڵام مەرج نییە بۆ ئەوانەی هاتوون یان دێن، باش بێت.
دوای هەڕەشەی رووخاندن و چەند جارێک هاتنەسەریان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، قایمقامیەتی کەرکووک یەک مانگ مۆڵەتی داوەتە پیشەوەرەکانی نێو سەنتەری شاری کەرکووک بچنە ناوچەی پیشەسازییە تازەکە، بەو هۆیەشەوە بازاڕیان بەتەواوی رووی لە کزی کردووە.
زەکی جومعە یەکێکە لە پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکە، دەڵێ ناوچەی پیشەسازی زۆربەی لەلایەن خەڵکی دەوڵەمەند و ناپیشەوەرەوە کڕداوە و نرخەکەشی زۆرە.
زەکی پێی وایە ئەوەی لەگەڵیان دەکرێت، دژایەتییە و کەس لەسەریان نایەتە دەنگ، دەڵێ "(ناوچەی پیشەسازیی رۆژهەڵات) 60٪ـی بەڵێندەر و پزیشک و دەوڵەمەند کڕیویانە، ئەو پڕۆژەیە بۆ پارەدارە و ئەمە نادادییە."
ناوچەی پیشەسازیی نوێ لە رۆژهەڵاتی کەرکووکە و لەسەر رووبەڕی زیاتر لە 1000 دۆنم لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنەرەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەت دروستکراوە، لە سێ هەزار و 600 دووکان و گەراجی گەورە و پیشانگەی ئۆتۆمبێل پێکدێت.
رەمەزان حاجی رەشید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری ناوچەی پیشەسازیی کەرکووک دەڵێ ناوچەکە جیا لەوەی هەموو خزمەتگوزارییەکی هەیە، نرخەکانیشی هەم بۆ کرێ و هەم بۆ کڕین کەمە و شایەنی ئەوەیە پیشەوەران بەدەستیبهێنن.
رەمەزان حاجی کەریم جەخت دەکاتەوە لەوەی "دووبارەش گوتوومانەتەوە، ئەو خەڵکانەی دەستکورتن با بێن هاوکارییان دەکەین و دەیاندەینێ. بۆ نموونە دووکانێک 50 مەتری چوارگۆشەیە، نرخەکەی تەنیا یەک دەفتەر (10 هەزار دۆلار)ـە، ئەوەی کە خەڵک دەڵێ 'سێ دەفتەر و چوار دەفتەرمان لە کوێ بوو؟' ئەوە راست نییە، بە شەش ساڵیش پارەکەی داوە."
هەندێ لەو پیشەوەرانەی هاتوونەتە ناوچەی پیشەسازییەکە، لە خزمەتگوزارییەکانی رازین، یەکێک لەوان وەستا مەریوانە کە دووکانێکی گەورەی هەیە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەمەبەستی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل سەردانی دەکەن.
وەستا مەریوان فەخرەدین، وەستای چاککردنەوەی کارەبای ئۆتۆمبێل دەڵێ "ئێرە بۆ من دەگونجێت و کێشەم نییە، بەڵام رەنگە کەسانێک کە دێن، ئیشیان لێرە نەبێت. ئەگەر هەموویان بەیەکەوە بێن، ئیشیان دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی کەس لەنێو شاردا نەمێنێتەوە."
ناوچەی پیشەسازیی رۆژهەڵات، دەکەوێتە سەر رێگەی بازنەیی و نزیکە لە ناوچە کوردییەکانی شاری کەرکووک، بە کردنەوەی ئەم ناوچەیەش کەرکووک دەبێتە خاوەنی دوو ناوچەی پیشەسازی کە یەکێکی دیکە لە باشووری شارەکەیە.