ڤێتێرنەریی کرماشان لەبارەی بەکارهێنانی بەرهەمە خۆماڵییەکانی شیرەمەنییەوە هۆشداری دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشان لەبارەی بەکارهێنانی بەرهەمە خۆماڵییەکانی شیرەمەنییەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، لەبەر پرسی سەلامەتی و پاکیی ئەو شیرەی کە لە فرۆشگە و ناوەندە نەریتییەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەکاردێت و بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و بەتایبەت بۆ رێگەگرتن لە نەخۆشیی تای ماڵتا، نابێت هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە بەرهەمانە بەکاربهێنن.
 
یەکشەممە 20-08-2023 د.حوسێن حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، شیری بەکارهێندراو لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی خۆماڵی لەڕووی تەندروستی و پاکییەوە لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە پەسند نەکراوە، بۆیە نابێت هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشان دەڵێت، ماوەی چەند ساڵێکە هەندێک شوێن و ناوەند بەناوی فرۆشگەی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی شیرەمەنی لە سەرانسەری ئێران و پارێزگاکان کراونەتەوە، کە بەپێی پرۆتۆکۆلەکانی ڤێتێرنەری رێگەپێدراو نین و پەسند نەکراون، بەڵام مۆڵەتەکانیان لەلایەن شوێنی دیکەوە دەرچووە، بۆیە ئەوان ناتوانن ئێستا رێگری لە کارکردنیان بکەن.
 
د.حوسێن حەیدەری ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە رێگەکانی گواستنەوەی تای ماڵتا بریتییە لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە شیرەمەنییانەی کە لە بەرهەمهێنانیاندا پرۆسەی تەندروستی پەیڕەو ناکەن، ئەو بەرهەمانەی لەم شوێنانەوە بەرهەم دەهێندرێن، لەڕووی تەندروستییەوە لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە رەزامەندییان لەسەر نییە، چونکە شیری ئەو ناوەندانە نازانرێت لە کوێوە دابین دەکرێت و چۆن دەگوازرێتەوە، بۆیە ڤێتێرنەریی کرماشان ئەم جۆرە بەرهەمانە بە مەترسی بۆسەر تەندروستیی کۆمەڵگە دادەنێت و ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەکات کە بەکاری نەهێنن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، سەرووی 90%ی کەرتی ئاژەڵداری لەو پارێزگایە بە شێوەیەکی نەریتییە، بۆیە بەشی هەرە زۆری ئەو شیرەی کە لەو پارێزگایە بەرهەم دێت، بە شێوەیەکی نەریتی لە گوندەکان یانیش لەلایەن کۆچەرەکانەوە بەرهەم دێت و هیچ چاودێرییەک بەسەر ئەو بەرهەمانەوە نییە.
 
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی کرماشان باسی لەوەش کرد، له پرۆسەی بەرهەمهێناندا لە ناوەندەکانی دابینکردنی بەرهەمە شیرەمەنییە خۆماڵییەکان، هیچ چاودێرییەک نییە و شیری خاویان له کێڵگەی نەریتی یان کۆچەرەکانەوە دەستدەکەوێت و بەبێ پەیڕەوکردنی بنەما تەندروستییەکان بەکاری دەهێنن.
 
د. حوسێن حەیدەری ئەوەشی خستەڕوو، "لە هەوڵداین دڵنیابین لەوەی ئەو شیرەی دەچێتە ناو ئەو سەنتەرانە، پێش ئەوەی بەکاریبهێنن، لە کارگەیەکدا بپاڵێورێت و دواتر بۆیان بگەڕێندرێتەوە، بەم شێوەیە ئەو شیرە خاوەی کە نازانرێت لە کوێوە دابینکراوە، دوای تێپەڕبوونی بە پرۆسەی پاکوخاوێنی دەچێتە ناو ئەو سەنتەرانەوە بۆ بەکارهێنان."