مەسرور بارزانی پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەی گۆڤار ئەنوەر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند گۆڤار ئەنوەرەوە پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە دەکات.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەرم  بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و ئاشنایانی دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە ھەمووان ببەخشێت."
 
رۆژی شەممە 20-08-2022، هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر دوای دوو ساڵ لە نەخۆشکەوتنی، لە تەمەنی 44 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە و وەکو فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ کاری کردووە.
 
لە ساڵی 1993 بەشداریی لە یەکەم کاری هونەری کردووە لە شانۆگەرییەک لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی "منم دکتۆر"، هەروەها بەشداریی لە پێنج فیلمی سکرین، دوو کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.
 
گۆڤار ئەنوەر لەگەڵ ئەیام ئەکرەم، لە رەمەزانی ساڵی 2020دا لە رادیۆی رووداو بەرنامەیەکی کۆمێدیا و تەنزئامێزیان بەناوی (19 پێکەنین)ـەوە پێشکێش کرد کە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکەم شەپۆلی سەختی کۆرۆنا (کۆڤید 19) بوو، ئەو بەرنامە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و لەنێو کوردانی تاراوگەشدا هەبوو و، هاونیشتمانییان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستاندا پەیوەندییان پێیانەوە دەکرد.