لە مۆسکۆ ئۆتۆمبێلی کچێکی 'مێشکی پووتین' دەتەقێتەوە و دەکوژرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەیەکی نزیک مۆسکۆ، کچی  گەورەی ئەلێکساندەر دوگن، کە وەک "مێشکی" ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دادەنرێت، کوژرا 
 
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 21-8-2022، لە رۆژئاوای شاری مۆسکۆ روویدا. داریای کچی ئەلێکساندەر دوگن، کە وەکو راوێژکاری سەرۆکی رووسیا و "مێشکی پووتین" ناوی دەهێندرێت، کوژرا.
 
ئەندرای کراسنۆڤ، بەرپرسی بزووتنەوەی ئاسۆی کۆمەڵایەتیی رووسیا کە کەسێکی نزیکی ئەلێکساندەر دوگنە بە میدیای رووسیای راگەیاند، ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەلێکساندەر دوگن بووە و ئەو ئۆتۆمبێلەشی کراوەتە ئامانج ئۆتۆمبێلی ئەلێکساندەر بووە، بەڵام کچەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیبوو.
 
پۆلیسی رووسیا تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک و گیانلەدەستدانی شۆفێرەکەی بۆ میدیاکانی رووسیا پشتڕاستکردەوە، بەڵام ناسنامەی شۆفێرەکەی ئاشکرا نەکرد و هیچ زانیاریەکیشی لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکرد.   
 
 
ئەلێکساندەر دوگن بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پووتین ناسراوە؛ هەروەها بە یەکێک لە پلانداڕێژەرانی پشت هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرێت و کەسێکی ناسیۆنالیستی دیاری رووسییە. 
 
میدیای رووسیا دەڵێت، ئەلێکساندەر و داریای کچی بەیانی یەکشەممە بەشداریان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کردووە و بڕیار بووە پێکەوە بگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام ئەلێکساندەری باوک لە دوا خولەکدا بڕیاریداوە لەگەڵ کچەکەی نەگەڕێتەوە؛ دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، ئەلێکساندەر زوو گەیشتە شوێنەکە.