لە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی دووکان- سلێمانی 18 کەس برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی دووکان - سلێمانی 18 کەس بریندار بوون و بە گوتەی گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، دۆخی تەندروستیی منداڵێک خراپە.
 
موقەدەم بەرهەم شێرزاد عبدولڕەحمان بەڕێوەبەری هاتووچۆی دووکان لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێکدادانەکە کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی بووە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لەجۆری پاس مەشائە و ئۆتۆمبێلەکەی دیکە لەجۆری پاس کۆستەر ، کە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی لەخۆ گرتبوو و، سەرجەم بریندارەکانیش گەشتیار بوون.
 
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان د. یاد نەقشبەندی گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاش ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لەرووداوەکە، سەرجەم بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی نەخۆش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
 
بەگوتەی د. یاد نەقشبەندی 18 کەس بریندارن، بریندارەکانیش ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە، باری تەندروستی منداڵێکیان خراپە و ئێستا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکی دایە.  گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، تاکو ئێستا لەئەنجامی ئەو رووداوە کەس نەمردووە.