بێگەرد تاڵەبانی: هەوڵدەدەین کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران نەمێنێت
رووداو - هەولێر
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی جووتیاران سەبارەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانیان گوتی: "هەوڵدەدەین کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران نەمێنێت و کار بۆ ئەوە دەکەین کێشەکانیان چارەسەربکەین".
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی چوارساڵەیە و بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: کاری لە پێشینەمان دابینکردنی ئاسایشی ئاوە لەگەڵ دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بێ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت".
بەڵێنیش بە جووتیاران دەدات هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە نێوخۆدا بازاڕێکی باشی هەبێت.
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی کێشەی جووتیاران و ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕ رایگەیاند : "دەبێت بازاڕ بۆ بەرووبوومەکان پەیدابکەین و برەو بە پیشەسازی خۆراکی لە هەرێمی کوردستان بدەین، ئەمەش دەرگا بۆ ئەوە دەکاتەوە کە بەرهەمی جووتیاران بپارێزین و لە ئابووری کوردستان رۆڵێکی کار و کاریگەری هەبێت".
بێگەرد تاڵەبانی دەشڵێت: "ئومێددەکەین جووتیاران نا ئومێد نەبن، بەپەرۆشین کە بەربوومەکانیان لەنێوناچێت، لەبەرئەوە ئێمە پلانمان داناوە و دڵنیایان دەکەینەوە کە گرنگی بە بەربوومەکانیان دەدەین لە ساڵی ئایندەدا لە چوارچێوەی پلانەکانی ئێمە بەرهەمەکانی خۆیان دەبیننەوە و لە بازاڕدا ساخدەکرێنەوە".
ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک ڤیدیۆی بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە و بە ئۆتۆمبێل (خەیار و تەماتە) فڕێدەدەن، ئەمەش لەبەرامبەر ئەوەی کە بەرهەمەکانیان هەرزانە و بە پارەیەکی کەم لە بازاڕدا ساخدەبێتەوە.