داوا دەکرێت جلوبەرگی کوردی لە وەزارەتی رۆشنبیری بکرێتە فەرمی

رووداو - سلێمانی

ناوەندی چاوی کورد بۆ گەشەپێدانی سیاسەت، پرۆژەیەکی  ئاراستەی  وەزارەتی رۆشنبیری کردووە بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەو وەزارەتە، سەرۆکی ناوەندەکەش دەڵێت؛ ئامانجمان لەو پرۆژە پاراستنی جلوبەرگی کوردییە وەک بەشێک لە کولتووری نەتەوەیمان.

مەشخەڵ کەوڵۆسی، سەرۆکی ناوەندی چاوی کورد بۆ گەشەپێدانی سیاسەت، بە  تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پرۆژەیەکی بیست خاڵیمان بەئامادبوونی چەندین کەسی شارەزا و ئەکادیمی ئامادەکردووە، داوامانکردووە وەزارەتی رۆشنبیری پۆشینی جلوبەرگی کوردی  بکاتە بڕیار.

لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنییەوە گوتی: "سەرەتا ئارەزوومەندانە بێت، داواشمان لە وەزارەتی رۆشنبیری کردووە دەرماڵەیەکی رەمزی هەبێت بۆ هاندانی ئەو فەرمانبەرانەی جلوبەرگی کوردی دەپۆشن".

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی، وەک بەشداربوویەکی ئامادەکردنی پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پرۆژەکە بە گرنگ دەزانین و پشتیوانی دەکەین کە جێبەجێبکرێت، بەڵام دوا بڕیار لای وەزارەتە نەک ئێمە.

لە پرۆژەکەی ناوەندی چاوی کورد، داواکراوە کە ئەنجوومەنێک دروستبکرێت بۆ گرنگیدان و بووژانەوەی کولتووری نەتەوەیی، هیچ بڕگەیەکی یاساییش نییە رێگربێت لە پۆشینی جلوبەرگی  کوردی.