ئامێرێکی هەڵکەندن لە باکووری کوردستان وەرگەڕا و ژمارەیەک کرێکار لەژێر داروپەردوو گیریان خواردووە


رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەیەکی گەڕان بەدوای نەوتدا لە بناری چیای گابار سەر بە پارێزگای شرنەخ-ی باکووری کوردستان، ئامێرێکی هەڵکەندن وەرگەڕا، ژمارەیەک کرێکار لەژێر داروپەردوودا گیریانخواردووە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە شرنەخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەممووز لە ناوچەیەکی گەڕان بەدوای نەوتدا لە چیای گابار، ئامێرێکی هەڵکەندن وەرگەڕا و ژمارەیەک کرێکار گیریان خواردووە.

هەر زوو ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاکەوتن چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە کارکردن کرد بۆ رزگارکردنی ئەو کرێکارانە.
 
 
پارێزگای شرنەخ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تائێستا سێ کرێکار لەژێر دراوپەردوو هێندراونەتە دەرەوە و دوویان بریندارن. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، یەکێک لە بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پارێزگای شرنەخ بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەیان دەڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی کرێکارەکانی دیکە.

چیای گابار یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان. رۆژی 19ـی تەممووزی ئەم ساڵ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی 2021 ـەوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە 41 بیری نەوت لە چیای گابار گەیشتووەتە 45 هەزار بەرمیل و ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی ئەم ساڵ بیگەننە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە.