شەڕی تورکیا و پەکەکە زیانی زۆری بە لەوەڕگەکانی سنووری ئامێدی گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ 

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی زیانی زۆری بە لەوەڕگەی خاوەن مەڕوماڵاتەکانی ناوچەکە گەیاندووە. 
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی دهۆک، ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار دۆنم دارستان و پاوان لە قەزای ئامێدی سووتاون کە زۆربەی بەهۆی بۆروومان و تۆپبارانەکانەوە بووە. 
 
زیاتر لە پێنج ساڵە مەتین بەلاڤەیی کاری شوانی دەکات، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە ناچار بووە مەڕوماڵاتەکەی تەنیا لە دەروبەری گوندەکەیان بلەوەڕێنێت. ئەو لەوەڕەش خەریکە کۆتایی دێت. 
 
مەتین دەڵێت: "مەڕەکانمان دەبردنە ئەو گوندانەی سەرەوە و لەو دەوروبەرە تا لووتکەی شاخەکە دەڕۆشتین. ئێستا دۆخەکە نەخۆش بووە. ناتوانین لە گوند دووربکەوینەوە. ئاقارەکەشمان سووتاوە. مەڕوماڵاتمان بەبێ لەوەڕ ماوەتەوە." 
 
ماوەی مانگێکی زۆربەی لەوەڕی گوندی بەڵاڤە و دەروبەری سووتاوە. بەهجەت بەلاڤەیی یەکێکە لەوانەی زیانی زۆری بەرکەوتووە و چرووی مەڕوماڵاتی سووتاوە. ناچار بووە ساڵانە مەروماڵاتی کەمبکاتەوە. لە 400 سەر مەڕ تەنیا 100ـی هێشتوونەتەوە. 
 
مام بەهجەت دەڵێت: "پار من و هاوژینەکەم چروومان بۆ مەڕوماڵات دەبڕی بۆ ئەوەی لە زستان دا پێی بدەین. 10 بۆ 12 چروومان بڕیبوون. پێش ئەوەی زستان بێت، گڕیان گرت و حەوت بۆ هەشت چروو سووتان و رەنجی مانگێکم بە بادا چوو."