مزگەوتەکانی دهۆک وێڕای داهاتی زۆری ئەوقاف بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

رووداو دیجیتاڵ 

بە دەیان موڵک لە سەنتەری شاری دهۆک و دەرەوە هەن کرێ و داهاتیان بۆ وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف دەگەڕێتەوە. لەکاتێکدا 173 مزگەوت لە قەزای ناوەندیی دهۆک هەن، بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەک، چاویان لە دەستی خێرخوازانە.
 
عەرەفات عەبدولرەحمان 30 ساڵە خزمەتی مزگەوتی گەورەی بازاڕی دهۆک دەکات. دەوروبەری مزگەوتەکە هەمووی شوێنی بازرگانین؛ سەر بە مزگەوتەکەن و بەکرێ دراون. بەڵام یەک دیناری داهاتی موڵکەکانیش بۆ مزگەوتەکە ناچێت. 
 
بەگوتەی عەرەفات، مامۆستای ئایینی داوا لە خێرخوازان دەکات داهات بۆ خزمەتکردنی مزگەوتەکە کۆبکرێتەوە: "لە نێو بازاڕی دهۆک قەرەباڵخیی زیاتر لەسەر ئەم مزگەوتەیە، چونکە توالێتی هەیە و شوێنێکی تایبەتیش بۆ ژنان هەیە. خێرخوازان زۆرجار پارە دەدەنە دەستمان، یان کاتێک کەموکوڕییەک لە مزگەوتەکە هەبێت، خێرخوازان پێیانگوتووین کە هەرچی خەرجییەکی هەبێت ئامادەن بیدەن. جگە لەوانە، نە دووکاندارەکان نە کەسانی دیکە هاوکاریی مزگەوت ناکەن." 
 
ئەو موڵکانەی کە وەکو 'وەقف' لەبەر دەستی ئەوقافی دهۆکن، داهاتی مانگانەیان بە نزیکەی 150 ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت و هیچ بڕە پارەیەکی ئەو داهاتە بۆ خزمەتکردنی مزگەوتەکان خەرجناکرێت. 
 
نزیکەی 70 شوێنکار و دووکان لە دەوروبەری مزگەوتی گەورەی دهۆکن، پار کرێی ئەوانیش زیادیکردووە. 
 
دووکاندارێک ئاماژە بەوە دەدات، کرێی سەر ئەوان زیاددەبێت، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی مزگەوت هەر وەکو خۆی ماونەتەوە. 
 
دلۆڤان عەبدولمەناف، دووکاندارە و دەڵێت: "حکومەت خزمەتی مزگەوتەکان ناکات. ئێستا مزگەوتەکانیش بوونەتە شوێنی ململانێ. ئەوەتا مزگەوتی گەورە، هیچ کەسێک نییە توالێتەکانی پاکبکاتەوە. ئەم ساڵ هاتن و کرێشیان زیادکرد. ئاگادارم کە کرێی موڵکەکانی ئەوقاف 50٪ زیادکران. پێش ئەوە، ملیۆنێک بوو، کرایە ملیۆن و نیو. من خۆم هاوبەشی خاوەن موڵکێکم، ئەوەندەی ئاگادارم، ئەو ملیۆن و نیو یان دوو ملیۆن دینار دەدات."