لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق: سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سیاسییە

21-07-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانیی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەو سزایەی لەلایەن تورکیاوە بەسەر فڕۆکەخانەکەدا سەپێندراون سیاسین.
 
رۆژی 2ـی تەممووز، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کرد.
 
لیژنەکە رۆژی 21ـی تەممووزی 2024 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکان "زیانێکی گەورەیان لە فڕوکەخانەکە داوە و بارگرانیی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان و ئابووریی سلێمانی دروستکردووە.
 
دەشڵێت: "لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانییە و ئەو بەدواداچوونانەی لە سەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتووە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی دوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی ئیداری، هونەری، ئەمنی، خزمەتگوزاری نییە و بەمانجگرتنی فڕۆکەخانەکە سزای سیاسیە." 
 
داواش دەکات ئەنجوومەنی نوێنەران "هەنگاوی جدیی کردەیی" بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر فڕۆکەخانەکە. 
 
لە 3ی نیسانی 2023وە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە.
 
لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
دوایین جار، رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2024، تورکیا سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکردەوە. 
 
رۆژی 12-7-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە کاتی سەردانەکەی مانگی نیساندا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "تاوەکو ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت. گەمارۆکانیشمان بۆ ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبن".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".