مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵ: گرنگە پارتی و یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد رێکبکەون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆببنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "داوا لە یەکێتی و پارتی دەکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی یەکگرتوو بن."
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 21-07-2024 لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆببنەوە. رێباز سابیر، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە کاژێر 16:30 دەستپێدەکات و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییە [کوردستانییە]ـکانی شاری کەرکووک تێیدا ئامادە دەبن."
 
رێباز سابیر گوتی، "کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەکرێت. حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هەموویان ئامادەییان بۆ بەشداریکردن دەربڕیوە."
 
زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکانەوە هێشتا حکومەتی خۆجێیی پێکنەهێندراوە. بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "داوا لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار واتە یەکێتی و پارتی دەکەین، یەکڕیز و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت."
 
یەکێتی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێنج کورسی بەدەستهێناوە، پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت و پارتیش دەڵێت، دەبێ کوردێکی بێلایەن پۆستەکە وەربگرێت. رێباز سابیر گوتی، "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک دابنرێت، چونکە لە ساڵانی رابردوودا تامی ئەوەمان چێشتووە، کاتێک پارێزگار کورد نەبێت چیمان بەسەر دێت."
 
بەگوتەی رێباز سابیر، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بابەتی سەرژمێری لە پارێزگاکەیە و گوتی، "هەست دەکەین بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و هەوڵ دەدرێت جێگەی سەرژمێری ساڵی 1957 بگرێتەوە کە ئەمە گرفتێکی زۆر گەورەی تێدایە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە."
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان بکات کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکە. ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد، "تەنانەت لە فۆرمەکانی سەرژمێرییدا دیاریکردنی پێکهاتەی تێدا نییە، بۆیە سڕینەوەی کورد لەو سەرژمێرییە [لە کەرکووک]، بە خاڵێکی مەترسیدار دەزانین."
 
رێباز سابیر گوتی، "ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە گوندەکانی پارێزگاکانی دیکەی وەک سەڵاحەدینەوە بە پاساوی مەترسیداربوونی شوێنی ژیانیان هێندراونەتەوە سنووری پارێزگای کەرکووک کە ئەگەر بەو شێوەیە سەرژمێری بکرێت، زیانێکی زۆر بەر کوردی دانیشتووی پارێزگاکە دەکەوێت، بۆیە دەبێ ئەمانە سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان."