رووداو دیجیتاڵ
مام تاهیر، خەڵکی گوندی کەشانێیە لە سنووری زاخۆ و 200 بزنی هەیە، لەگەڵ 30 خێزانی دیکە سێ ساڵە ناتوانن بچنەوە گوندەکەیان، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە.
تاهیر ئیسماعیل، خەڵکی گوندی کەشانێ بە رووداوی گوت، "ئەمە بزنەکانی ئێمەن لەژێر ئەم چادرە بەم گەرمایە، بەڵام ناتوانین بچینەوە گوندەکەمان، چونکە هەست بە ئارامی ناکەین. ئاو و کارەبا لە گوندەکە هەیە، بەڵام ئاسایش و ئارامی نییە و کەس ناوێرێت بگەڕێتەوە."
گوندی کەشانێ دەکەوێتە سنووری قەزای باتیفا لە زاخۆ، گوندەکە وێران نییە، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانی تورکیا و پەکەکەوە خەڵکی گوندەکە ناتوانن بگەڕێنەوە.
هاشم عومەر، موختاری گوندی کەشانێ دەڵێت، "ئەمە 5-6 جارە گوندەکە چۆڵ دەکەین. بەشێک لە خەڵکی چوونەتە باتیفا و هەندێکیش چوونەتە زاخۆ. خەڵک هەمووی دەربەدەر بووە. داوا لە حکومەت دەکەین هەندێک خاڵی پاسەوانی سنوور لە نزیک گوندە دابنێن."
لە سنووری باتیفا 73 گوند هەن، 13 گوندیان بەهۆی شەڕەوە چۆڵکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی باتیفا باس لەوە دەکات، "پێشنیازی ئێمە بە سنگێکی فراوانەوە وەرگیراوە و بەدواداچوونی بۆدەرکرێت، چونکە ئەو بابەتە سەربازییە و هەر کاتێک بڕیار بدرێت، خەڵکی خۆمان ئاگادار دەکەینەوە و هاوکاریان دەبین."
رووداو زانیویەتی کە بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی 4ی ئەمساڵ، پێنج خاڵی پاسەوانی سنوور لە دەورووبەری گوندەکانی کەشانێ، شیلان و شلینێ دابنرێن و بەڵێندەریش دەستنیشان کرا، بەڵام سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی و تاوەکو ئێستا دانەنراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ