لویس ساکۆ: هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و تێیدا رێز لە پیاوانی ئایینی هەموو ئایینەکان دەگرێت

21-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا، بڕیارە تاوەکو ماوەیەکی نادیار لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە. 
 
ئەو کەسایەتییە ئایینیەی کریستیان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و تێیدا رێز لە پیاوانی ئایینی هەموو ئایینەکان دەگرێت" و مەرجی خۆیشی بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان شوێنی "پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە و دڵخۆشین لویس ساکۆ کوردستانی بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی هەڵبژاردووە." 
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق لە تورکیاوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. ستیفان شانی، بەرپرسی راگەیاندنی کەنیسەی کلدانە کاسۆلیکەکانی پارێزگای هەولێر لەبارەی گەڕانەوەی پاتریاریک لویس ساکۆ بە رووداوی گوت، "کاردیناڵ لویس ساکۆ بەهۆی ئەو بڕیارە ستەمکارانەیەی دژی دراوە، بڕیارە نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و تاوەکو ماوەیەکی نادیار لە شاری هەولێر دەمێنێتەوە."
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی؛ فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی؛ ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
 
"کوردستان ماڵی خۆتە"
 
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا بەناوی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بەخێرهاتنی لویس ساکۆی کرد و رایگەیاند، "دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە و ئەو مێژووەشمان لە کۆنەوە بۆ ماوەتەوە." 
 
پشتیوان سادق گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردار هەوڵی رژدی داوە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە نموونەیەکی جوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە." 
 
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، "ئەمڕۆ هەموو ئایینەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ دەکەن و رایدەگەیێنین، بەڕێزیان کەسایەتییەکی ئایینی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان و سەرۆکی هەموو کەنیسە کلدانەکانی جیهانە؛ هاوکات کەسایەتییەکی گەورەی ئەکادیمی و رۆشنبیرییە و هەردەم بیرکردنەوەکانی لە پێناو یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان بووە." 
 
پشتیوان سادق دووپاتیکردەوە، "زۆر دڵخۆشین کاردیناڵ لویس ساکۆ هەرێمی کوردستانی وەک ماڵی خۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە کار و چالاکییەکانی خۆی وەکو کەنیسەی کلدانی ئەنجامبدات. بە گەرمی بەخێرهاتنی دەکەین و پێی دەڵێین، کوردستان ماڵی خۆتە." 
 
کاردینال ساکۆ: تا مەرسوومی سەرۆککۆمار نەکشێنرێتەوە ناگەڕێمەوە بەغدا 
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لویس ساکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پێشوازیکردنی گەرمی و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامە و پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان تێیدا هەمیشە هەبووە. 
 
لویس ساکۆ گوتی، "لە هەرێمی کوردستاندا سیمبوولە ئایینییەکان رێزیان لێدەگیرێت. بەڵگەشم ئەم پێشوازییە گەرمە و رێزگرتنە گەورەیەیە و ئەمەش گەڕاندنەوەی شکۆیە بۆ ئێمە"؛ راشیگەیاند، "من هەر لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە. تەنیا ئەو کاتە دەگەڕێمەوە بارەگای باتریاکی لە بەغدا کە مەرسوومەکە بکشێندرێتەوە و دۆخەکە وەک جاران بگەڕێتەوە. پێویستە سنوورێک بۆ ئەو میلیشیانە دابنرێت و فێری رێزگرتن بکرێن. دەبێت رێز لە پیاوانی ئایینی بگیرێت و چیدیکە دەستوەردان لە کاری کەنیسە نەکرێت و دەستبەرداری تۆمەتی پووچ و سکاڵا چەواشەکارییانە بن. ئەگەر ئەم داواکارییانەمان جێبەجێ بکرێن، دەگەڕێمەوە بەغدا، بەپێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە کە بەشێکە لە عێراق." 
 
لویس ساکۆ گوتی، "هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و رێز لە پیاوانی ئایینی هەموو ئایینەکان دەگرێت. ژمارەیەکی زۆر کریستیان لێرەن و چەندین ئەساقیفەمان لێرە نیشتەجێن و شانازییان پێدەکەم" و ئاماژەی بەوەشکرد، مەرسوومەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ دوورخستنەوەی لەو پێگە ئاینییەی کە هەیەتی بڕیارێکی سیاسییە و لەژێر گوشاری وەک خۆی گوتی، "میلیشیای بابلیوون" ئەو کارەی کردووە. 
 
"ئەمە بەرهەمی عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراقە"
 
لەبارەی ئەو کێشەیەی بۆ لویس ساکۆ دروستبووە، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "ئەم کێشەیە بەرهەمی عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراقە." 
 
فازڵ میرانی گوتی، "دەبێ بپرسین عێراق بۆ بەم شێوەیەی لێهاتووە؟ ئەو کێشەیە بەرهەمی عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراقە، ئەگینا کەی پێویستمان بەوەبوو کێشەیەکی لەم شێوەیە بۆ عێراق و خۆشمان دروستبکەین." 
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە." گوتیشی، "هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتییە ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت"، جەختیشی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147 تەنیا بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."