ئانۆ جەوهەر: خێراکردنی ئینتەرنێت پێویستی بە رێگەپێدانی حکومەتی عێراقە

21-07-2023
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان.
نیشانەکردن ئینتەرنێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەیانەوێت خێرایی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکەن، "بەڵام حکومەتی عێراق رێگە نادات."
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "هێڵەکانی ئینتەرنێت ئێستا لە هەرێمی کوردستان چ لەرووی نرخ و چ لەرووی خێراییەوە لە ئینتەرنێتی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق باشتر و گونجاوترن".
 
ئانۆ جەوهەر گوتیشی، "ئینتەرنێتی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێی عێراقیش خێراتر و هەرزانترە".
 
بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، تۆڕی ئینتەرنێت ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە توانایدایە خێراتر بکرێت، بەڵام خێراکردنی ئینتەرنێت پێویستی بە رێگەپێدانی بەغدا هەیە و ئەگەر حکومەتی عێراق رێگە بدات ئەوا هەرێمی کوردستان ژمارەی تاوەرەکانی پەخشکردنی هێڵی ئینتەرنێت زیاتر دەکات و خێرایی هێڵەکانیش بەشێوەیەکی گشتی بەرزتر دەکاتەوە.
 
ئانۆ جەوهەر کە کەسایەتییەکی دیاری کریستیانە لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی هاتنی كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاكی کەنیسەی كلدانی له‌ عێراق و جیهان بۆ هەولێر دوای ئەوەی کە لە بەغدا لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە مەرسوومی ژمارە 147ی ساڵی 2003ی تایبەت بە پاتریاکی کەنیسەی کلدانی کشێنرایەوە، دەڵێت، هەولێر لە مێژوودا شوێنی کورسی پاتریاکی بووە و چەندین ساڵ پێش ئێستا شوێنی مانەوەی کاردیناڵ لە عەینکاوە دروستکراوە؛ هەربۆیە ئێستا کاردیناڵ ساکۆ دێتە ماڵ و شاری خۆی.
 
ئانۆ جەوهەر رەخنەی تووند لە سەرۆککۆماری عێراق دەگرێت لەبارەی کشاندنەوەی مەرسوومی تایبەت بە پاتریاکی کەنیسەی کلدانی و دەڵێت، "بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆمار دژی کاردیناڵ ساکۆ نابەجێیە، چونکە لە سەردەمی عەباسییەکانەوە کاردیناڵی کریستیان لە بەغدا هەبووە و لە ساڵانی رابردوودا کریستیانەکان بەهۆی تیرۆر و شەڕی تائیفی و ستەمی دینی و مەزهەبییەوە عێراقیان جێ دەهێشت، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کریستیان رووبەڕووی ستەمی دەوڵەت ببێتەوە لە عێراق لەلایەن سەرۆککۆمارێکی کوردەوە؛ هەربۆیە پێمان وایە ئەمە کارێکی نابەجێ و پرسێکی سیاسییە و تەواوی کەنیسەکانی جیهانیش لەم بڕیارەی سەرۆککۆماری عێراق نیگەرانن".
 
ئەم کێشەیە دوای ئەوە سەریهەڵدا رۆژی 3/7/2023  لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاوکرایەوە کە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریاک لویس رافایل ساکۆ و لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریاکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە کشانەوەی مەرسوومەکە بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسوومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کەنیسەکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری ئەو بڕیارەیان داوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کچە خوێندکارێک سەرقاڵی چاودێریی ئەو گوڵەیە کە بردوویەتی بۆ قوتابخانەکەی. وێنە: رووداو

قوتابخانەکەیان دەڵێی باخچەیە؛ لە قوتابخانەیەکی بەردەڕەش چاڵێنجی سەوزکردنی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو

قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەیی بەنێنان لە بەردەڕەش قوتابخانەکەیانیان پڕکردووە لە گوڵ. هەموو قوتابییەکان گوڵێک یان زیاتر دەبەنە قوتابخانەکەیان، دوای ئەوەیشی گوڵ دەبەنە قوتابخانەکە، چاودێریی گوڵەکانیش دەکەن