دەزگای روانگە و رێکخراوی ئاسوودە لە سلێمانی کۆڕبەندێکی هەلیکار بۆ گەنجان رێکدەخەن


رووداو دیجیتاڵ

قشڵەی کۆیە کە شوێنێکی مێژووییە، توێژینەوەیەکی لەسەر ئامادەکراوە بۆئەوەی بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری و هەلی کاری راستەوخۆ بۆ زیاتر لە 25 کەس و دەیان کەسی دیکەش بە ناڕاستەوخۆ دابین بکات.
 
ئەو توێژینەوەیە لەچوارچێوەی کۆڕبەندی لووتکەیی داتا بۆ پڕۆژەی لێهاتویی گەنجانی عێراق ئامادە کراوە، کە دەزگای روانگە و رێکخراوی ئاسوودە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئایرێکس و رێکخراوی گەڕان بەدوای بنەما هاوبەشەکان کردوویانە.
 
زامدار ئەحمەد، ئەندامی ئامادەکاری پڕۆژەی بەگەشتیاریکردنی قشڵەی کۆیە بە رووداوی گوت: "پڕۆژەکەمان پشتی بە چەند داتا و ئامارێکی زانستی بەستووە. دەکرێت لەڕێگەی گەشتیار و جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەوە، ژێرخانی ئابووریی کۆیە ببووژێتەوە، لەبەرئەوەی ئێستا کۆیە لەڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی خراپدایە."
 
لە پڕۆژەى لێهاتوویی گەنجانی عێراق، راهێنان بە نزیکەی 30 کەس لە قەڵادزێ و کۆیە کراوە، کە توانیویانە بە گرووپی جیاجیا 14 توێژینەوە ئامادەبکەن، کە ئامانج لێی زیادکردنی هەلی کار و باشترکردنی گوزەرانی لاوانە و لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان کۆمەکی کراون.
 
بەشێک لە توێژینەوەکانی قەڵادزێ، نەبوونی هەلی کاریان وەک هۆیەک بۆ کۆچی گەنجانی دەڤەرەکە دیاریکردووە، بۆیە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە بە گرنگ دەزانن بۆئەوەی کۆچکردنیش کەمببێتەوە.
 
کامۆ خدر، ئەندامی ئامادەکاری پڕۆژەی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لەڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی گشتوکاڵ لە قەڵادزێ گوتی: "بەداخەوە لە قەزای پشدەر رێژەی بێکاری زۆر بەرزە، بەجۆرێک بەپێی راپرسییەک لەنێو هەزار و 100 کەسدا %75ـی بەشداربووان پێیانوابووە لە پشدەر هەلی کار نییە."
 
گرووپە بەشدارەکان پێشتر پێنج وۆرکشۆپیان بینیوە و باسیان لە کێشەکانی ئێستای لاوان کردووە، پاشان توێژینەوەیان لەسەر ئەنجامداوە.
 
هەڵۆ حەمەکەریم، رێکخەری پڕۆژە لە دەزگای روانگە باسی لەوە کرد: "گرووپەکان حەوت مانگە دەستیان بە توێژینەوە کردووە، بەمەبەستی زیادکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و چی پڕۆژەیەک باشە بۆ زیادکردنی هەلی کار. پڕۆژەکان لەبواری جیاوازدان، بۆ نموونە؛ هەندێکیان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەی نوێیە، یان پڕۆژەی گەشتیاری و کشتوکاڵی و ئەندازیاری و بیناسازییە."
 
لە کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک لە بڕیاردەرانی حکومی و سەرمایەداران و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەشداربوون، بۆئەوەی بتوانن کار لەسەر ئەو توێژینەوانە بکەن."