حکومەتی ئێران: 215 ملیار تمەنمان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکردووە

21-07-2022
حکومەتی ئێران: 215 ملیار تمەنمان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکردووە
حکومەتی ئێران: 215 ملیار تمەنمان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکردووە
نیشانەکردن دەریاچەی ورمێ
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ رۆژ بە رۆژ کەمتر و رووبەرەکەی بچووکتر دەبێتەوە. وشکبوونی ئەو دەریاچەیە تەنیا نەمانی دەریاچەیەک نییە، بەڵکو باهۆزی خوێ بەڕێدەخات و ژیان لەو ناوچەیە ناهێڵێت.
 
دوای نزیکەی ساڵێک لە هاتنەسەرکاری کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، یەکەم هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نا. سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ژیاندنەوەی دەریاچەکەی گۆڕی و پارێزگاری تەورێزی کردە ئەندامی دەستەکە.
 
عەلی بەهادوری جەنەتی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت: "پارێزگاری ورمێ وەکو بەڕێوەبەری ناوەندیی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دیاریکرا و بەڕێوەبەرە پێشووەکەی بەڕێز کەڵانتەری لەو پۆستە دوورخرایەوە. هەروەها پارێزگاری تەورێزیش وەکو ئەندامێکی نوێی ناوەندیی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی کارەکان باشتر و خێراتر بەرەوپێش پچن".
 
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێت، لە یەکساڵی رابردوودا 215 ملیار تمەنیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکردووە. لە هەشت ساڵەی کابینەی رووحانیشدا حکومەت رایگەیاندووە، شەش تریلیۆن تمەنی لەو پڕۆژانە خەرجکردووە. دروستکردنی بەنداو، گواستنەوەی ئاو و گۆڕینی شێوازی کشتوکاڵ سەرەکیترین پڕۆژەکانن، بەڵام نەیانتوانیوە رەوتی وشکبوونی دەریاچەکە بوەستێنن.
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوودا، ساڵانە 40 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ کەمیکردووە و 95٪ـی دەریاچەکە وشکبووە. بەردەوامی ئەم دۆخە، لەوانەیە بە قەیرانێک کۆتایی بێت.
 
د. کامبیز مێهدی زادە، پسپۆڕی زەویناسی باسی لەوە کرد: "ئەمە هۆشداریێکی جدییە، ئەگەر پڕۆژەکانی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێ نەکرێن و بەردەوام نەبین، دەگەڕێینەوە بۆ هەشت ساڵ پێش ئێستا. ئەمجارە مەترسییەکە زۆر زیاتریشە و باهۆزی خوێ نەک هەر بۆ پارێزگاکانی دەوروبەر، بەڵکو تاوەکو تارانیش دەچێت و تاوەکو پارێزگای زەنجانیش دەبێ چۆڵ بکرێت."
 
دژی کەمتەرخەمیی حکومەت لە ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، شەممەی رابردوو لە ورمێ هاونیشتمانییان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ناڕەزایەتی ئەوان بە دەستبەسەرکردنی 16 کەس بێدەنگکرا، بەڵام دەنگی ئەو قەیرانەی بەڕێوەیە، بە ئاسانی کپ ناکرێت. 
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دەریاچەی ورمێ بە تەواوی وشک بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە