بەهۆی بۆردوومانی تورکیا ئاگر لە گوندی مێرگەڕەشی سیدەکان کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ ناوەناوە تۆپبارانی گوندی مێرگەڕەشی شارۆچکەی سیدەکانیان کردووە و بەهۆشیەوە ناوەندی گوندەکە ئاگری گرتووە و زیانی زۆری بە خانووەکانی گوندەکە گەیاندووە.
 

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر قەڵایەکی سەربازیی تورکیا لە بەرزاییەکانی گوندی مێرگەڕەش و بەهۆشیەوە تورکیا دەستی بە تۆپبارانی ناوچەکە کردووە.
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2020 بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە سێ گوللـە تۆپ بەر ناوەندی گوندەکە کەوتوون و ئاگری لێکەوتووەتەوە.
 
ئیحسان چەلەبی ئەوەی خستەڕوو، ساڵی رابردوو لەم کاتانەدا گوندی مێرگەڕەش بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکراوە و کەسی تێدا نییە، چونکە لە ئەنجامی گرژیی نێوانیان پارەکە چوار هاونیشتمانیی گوندەکە بریندار بوون، بەڵام لەم وەرزەدا خانووەکان جاروبار جووتیاران بەکاریان دەهێنان.