عەلی تەتەر: لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان دهۆک و پارێزگاكانی دیکە نین

رووداو - دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆك رایگەیاند بۆ هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، ئەوان لەگەڵ ئاسانكارین، نەك نەهێشتنی تەواوەتی قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ پارێزگای دهۆک.

د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە كوردستان ئەوان پێشنیاز دەكەن ئاسانكاری لە هاتووچۆ كردندا بكرێت نەك كردنەوەی تەواوەتی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکاندا و گوتی: "بۆ پارێزگای دهۆك، ئێمە لەگەڵ كردنەوەی تەواوەتی هاتووچۆ كردن نین، بەڵكو پێشنیاز دەكەین ئاسانكاری لە هاتووچۆكردندا بكرێت لەگەڵ گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

ئەو خۆشحاڵە بەوەی تاوەكو ئێستا یەك حاڵەتی مردنیش لە پارێزگاكەی بەهۆی كورۆناوە تۆمارنەكراوە، بۆیە دەڵێت: "ناكرێت بڕیارێك بدەین كۆنتڕۆڵی كۆرۆنا لەدەست بدەین، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئاسانكارین نەك هەڵگرتنی تەواوەتی هاتووچۆ بۆ دهۆك".

لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک کەمترین تووشبووی کۆرۆنای هەیە، تائێستا تەنیا 343 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، کە 274 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و هیچ تووشبووییەکیش گیانی لەدەستنەداوە.

هەر ئەمڕۆ د. هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند ئەوان پێشنیازیان بۆ  لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا کردووە کە قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان هەڵبگیرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە21-7-2020 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە  هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار لە بارەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەدات، کە لە مانگی ئادارەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ قەدەخەکراوە.