ئاشتی هەورامی دەکرێتە یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە
رووداو-هەولێر
بەپێی فەرمانێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاشتی هەورامی لە کابینەی نۆیەمدا کراوەتە یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە.
لە فەرمانەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە کە بڕیاردرا بە راسپاردنی عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئاشتی هەورامی، بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە.
لە فەرمانەکەدا دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە دیاریکراوە، کە بریتییە لە:
1. بەدواداچووانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.
2. پێشکەشکردنی راسپاردە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەدا
3. هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق
4. بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا
5. ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی کۆبوونەوەکان.
ئەم دەسەڵاتانە بە پێی مادەی شەش و مادەی چواری یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان پێی دراون.
لە مادەی شەشی یاساکەدا هاتووە:
یەکەم: رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی نەوت، داڕشتن و رێکخستن و چاودێریکردنی سیاسەتی پرۆسەکانی نەوت، سەرباری رێکخستن و پلاندانان و پیادەکردن و سەرپەرشتیکردن و پشکنین و وردبینی بۆ جێبەجێکردنی هەموو پرۆسەکانی نەوت. هەروەها بە بازاڕکردنی نەوت.
دووەم: گفتوگۆکردن و ئەنجامدانی رێککەوتنامەکان و جێبەجێکردنی هەموو مۆڵەتەکان لەوانەش ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دابێت.
هەروەها بە پێی خاڵی هەژدەیەم لە مادەی یەکەمی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکانی نەوت ئەمانە دەگرێتەوە: بەدواداگەڕان و دۆزینەوە بە مەبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن، عەمبارکردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت یان بنیاتنان و دانان و دامەزراندنی هەر هەیکەلێکی دەزگاکان و مەکینەکان بۆ مەبەستی ئاماژەبۆکراو، دواکۆتاییهێنان بە مۆڵەت و یان لابردنی هەر یەکێک لەو هەیکەل و دامەزراو و بیناکان.
ئەم فەرمانە لە رۆژی 15ی تەمووز دەرکراوە بە واژۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر لە رۆژی دەرچوونیشەوە جێبەجێ دەکرێ.
ئاشتی هەورامی، کە لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەزیری سامانە سرووشتییەکانە، لە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، ئەندازیار و جێبەجێکارێکی هەرە دیار و کارایە کە ئەزموون و شارەزایی و پەیوەندییەکانی لەو بوارەوە خستەکار و نەوت و وزەی کوردستان لە نەبووەوە چووە سەر نەخشەی وزەی جیهان. بەتایبەتی دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵیدا لە رێگای دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراق ، مافی دەرهێنان و فرۆشتن و بەکاربردنی نەوتی کوردستانی هەبێ، بەڵام بەغدا ئاستەنگی خستە بەردەم دەرچوونی ئەو یاسایە.
لە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا، هەندێ بەرپرسانی بەغدا ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە کاتی خۆی هەرێمی کوردستان زۆر پێداگری لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراق کردووە، بەڵام ئەوان کۆسپیان خستووەتە بەردەم دەرکردنی یاساکە، چونکە پێیان وابووە، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێ گرێبەست بکات بۆ دۆزینەوەی نەوت، ئەگەر دۆزیشیانەوە ناتوانن بیفرۆشن و بازاڕی بۆ پەیدابکەن و ناچار دەبن بیدەنەوە خۆمان، بەڵام ئەوانە هەمووی کران، هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانی لە بواری وزەدا کرد، نەوتی دۆزییەوە و رەوانەی بازاڕەکانی جیهانی کرد، بەرێگای بۆڕی کە هەر لەم ساڵانەیی دوایی دروستکرا.
نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر باشتربوونی کارەبای کوردستانیش هەبوو بە بەراورد لەگەڵ کارەبای ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە لە پێش 2014 و قەیرانی دارایی، کارەبای کوردستان دوو بەرابەری کارەبای عێراق زیاتربوو، بە ئێستاشەوە کارەبای کوردستان لە کارەبای ناوچەکانی دیکەی عێراق باشترە.
ئاشتی هەورامی کە لە کابینەکانی 5 و 6 و 7 و 8 دا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، لە کابینەی نۆیەمدا وەک یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە بەردەوام دەبێ لە کارکردن لە سیاسەتی وزەی هەرێمی کوردستان.