لە پیرانشار بەهۆی هەرەسی بەفرەوە شاخەوانێک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هەرەسی بەفرەوە لە بەرزاییەکانی شاخی قەندیل لە سنووری شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت ئەندامی گرووپێکی شاخەوانی کەوتنە ژێر بەفرەوە؛ شەش کەسیان لەلایەن تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتنەوە رزگارکران و یەکێکیشیان گیانی لەدەستدا.
 
ئیبراهیم عەزیزنەژاد، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پیرانشار رایگەیاند، دوای نیوەرۆی پێنجشەممە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گرووپێکی شاخەوانی کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، لە بەرزاییەکانی شاخی قەندیل و لە ناوچەی ناسراو بە شێخ عایشە کەوتنە ژێر بەفرەوە.
 
ئیبراهیم عەزیزنەژاد گوتی، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسیش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکران.
 
بە گوتەی عەزیزنەژاد، یەکێک لەوانەی رزگارکراون، بە سەختی بریندار بووە و بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شاری پیرانشار گوێزراوەتەوە و چارەسەر وەردەگرێت.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێش رایگەیاند، دوای پێنج کاژێر گەڕان، تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرەتا پێنج کەس لە گرووپە حەوت کەسییەکە لە ژێر بەفر دەرهێنران و رزگارکران.
 
بە گوتەی مەحبووبی، دوای چەندین کاژێر هەوڵدان، توانیویانە دوو کەسەکەی دیکەش لە ژێر بەفرەوە دەربهێنرێن، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەیان بە سەختی بریندار بووە.