دوای شەش رۆژ لە ونبوونی، حاجییەکی کورد بە مردوویی دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
حاجییەکی دیکەی دانیشتووی قەزای سۆران گیانیلەدەستدا، بەوەش ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی حەجی ئەم ساڵ گیانیانلەدەستدا گەیشتە 20 حاجی.
ئەو حاجییەی گیانی لەدەستداوە، ناوی ئازاد مەلاحەسەن هاودیانییە و تەمەنی 61 ساڵە، دانیشتووی قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێرە، لە یەکەم رۆژی جەژنەوە ونببوو.
دارا ئازاد کە کوڕی ئەو حاجییەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باوکم لەگەڵ دایکم پێکەوە چووبوون بۆ حەج، بەهۆی قەرەباڵخییەوە لەیەکدی دابڕابوون ئەمڕۆ پێمانڕاگێیندرا باوکم گیانی لەدەستداوە، بەڵام دایکم سەلامەتە."
دارا ئازاد گوتیشی: "باوکم هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، لەسەر وەسیەتی خۆی هەر لە سعودیە دەنێژرێت."
ئەم حاجییەی قەزای سۆران لە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربانەوە سۆراخی نەبوو، کەسوکارەکەی داوایانکردبوو هەر کەسێک زانیاریی لەبارەیەوە هەیە ئاگاداریان بکاتەوە.
ئازاد هاودیانی، بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی ماڵی خودای کردبوو، جگە لەوەش 18 حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان، کە بەهەمانشێوە حەجیان کردبوو، گیانیان لەدەستداوە. هەروەها حاجییەکیش، کە لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوو بوو و گیانی لەدەستداوە.
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 20-6-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند گەڕانەوەی ئەو حاجییانەی کە بە فڕۆکە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چوونەتە حەج رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و "کاژێر 9:45ـی بەیانی ئەو رۆژە یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ کاژێر 12:00ی شەویش یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 30ـی ئەم مانگە سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بەو حاجییانەوە هەیە کە لە رێگەی وشکانییەوە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوون، رۆژگار جەعفەر گوتی، رۆژی 22ی مانگ لە مەککەوە بەرێ دەکەون.
ئەمساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون. جگە لەوەش مەزەندە دەکرێت تەنیا لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار کەس بە ڤیزەی گەشتیاری حەجیان کردبێت.