1300 قوتابخانەی لوڕستان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە

21-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە هەزار قوتابخانە لە سنووری ئەو پارێزگایە زۆر کۆنن و خەریکە دەڕوخێن، هەربۆیە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
 
یونس بەهاروەند ئێرانیا، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی لوڕستان رایگەیاند: "چوار هەزار و 500 قوتابخانە لە پارێزگای لوڕستان هەن کە 57٪یان لە دۆخێکی باشدان. 17٪یان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە؛ 26٪یشیان کە دەکاتە 1300 قوتابخانە خەریکە دەڕووخێن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی لوڕستان لە سێ ساڵی رابردوودا 216 قوتابخانە و پرۆژەی پەروەردەیی لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئەو پارێزگایە جێبەجێکراون.
 
یونس بەهاروەند ئێرانیا پێیوایە کۆنبوونی ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە لە لوڕستان، یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم سێکتەری پەروەردە لەو پارێزگایە و گوتی: "بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی پەروەردەی ئەو پارێزگایە تەرخان ناکرێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، محەممەدعەلی رەزەوی، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازانی دروستکەری قوتابخانە لە لوڕستان لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "تائێستا هەزار و 560 قوتابخانە لەو پارێزگایە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون، بەڵام پێویستمان بە قوتابخانەی زیاتر هەیە."
 
محەممەدعەلی رەزەوی گوتی، هەزار و 57 کەسی خێرخواز لە لوڕستان بەشداری لە دروستکردنی قوتابخانەدا دەکەن، جگە لە دروستکردنی قوتابخانە، ئەو کەسانە پێداویستییەکانی بەشێک لە قوتابخانەکان و قوتابیانیش دابین دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە