پیاوێک لە هەولێر ماڵەکەی بە سەدان گوڵ و درەخت دەڕازێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

مالیک تەمەنی 49 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، خۆشەویستیی بۆ سرووشت وایکردووە ماڵەکەی لەنێو دار و درەخت، سەدان گوڵ و گوڵزار دیار نەبێت.
 
مالیک فەیسەڵی باخەوان سەبارەت بە حەزکردنی بە سەوزایی دەڵێ "پارەم نەبوو، ئۆتۆمبێلێکی خراپم هەبوو و کاریشم دەکرد. با خەڵک بزانن چەند دار و گوڵم خۆشدەوێت؛ پارەکەم دەژمارد، چەندی لە منداڵەکانم زیاد بووایە، شەش هەزار، یان پێنج هەزار دینار، دەچووم بە دوو دارم دەدا. ئەو هەموو دارەم بەو حاڵە چاند."
 
جگە لە سەدان رووەک، مالیک لاولاوەی بە دەوری دیوارەکانی ماڵەکەشیدا چاندووە، کە هۆکارێکە بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمیی خانووەکەی.
 
ئەو باخەوانە، کە زیاتر لە هەشت ساڵە خەریکی سەوزکردنی ماڵەکەیەتی دەیەوێت پەیامە ژینگەییەکە بە هەمووان بگەیێنێت، دەڵێ "دوو دار بچێنە. ئەگەر منداڵی خۆتت خۆشدەوێت، دوو دار و دوو گوڵ بچێنە بۆ ئەوەی دڵی خێزانەکەت خۆش بێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، دیمەنەکانی گەڕەکێکی هەولێر ئاماژەی باشیی ژینگەیی نادەن و سێبەرێکی لێ نابینرێت بۆ حەسانەوە لەژێریدا. 
 
رووداو لە چەند دانیشتوویێکی گەڕەکی مامزاوە دەپرسێت هۆکاری نەبوونی سەوزایی لە گەڕەکەکەیاندا چییە، هەریەک بە جۆرێک وەڵام دەداتەوە.
 
هاوڕێ حوسێن، کرێکارە و دەڵێ "خانووەکان زۆر بچووکن، دەرگا بە دەرگاوەیە، ناتوانی هیچ شتێک لەبەر دەرگا بچێنی. ئەگەر داریش بچێنی، کوا ئاو بۆ ئەو ناوچەیە؟ هەفتەی سێ رۆژ ئاو نییە، ئەو ئاوەی کە بەریشدەدرێتەوە، کەمە." 
 
کرێکارێکی دیکە بەناوی سەربەست سدیق دەڵێ "ئێمە شوێنی دارمان نییە، هەر بۆیە نایچێنین. حەوشە هەر جێی ئۆتۆمبێلی هەیە، شوێنی دار و درەختی نییە، پێش دەرگاش هەر شوێنی نییە لەبەر سەبەتەی خۆڵ."
 
یەک داری پێگەیشتووی گەڵادار بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی 260 پاوەند ئۆکسجین بەرهەمدێنێت و 48 پاوەند دوانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت. دوو داری پێگەیشتوو دەتوانن ئۆکسجینی پێویست بۆ خێزانێکی چوار کەسی دابین بکەن.
 
پلەی گەرمی لە ژێر دارەکانی نێو شار، جاری وا هەیە دوو ئەوەندە کەمترە لەو شوێنانەی داریان لێ نییە، ئەوە جگە لەوەی گەڵای دارەکان دەتوانن تۆزی زۆر کۆبکەنەوە.
 
بەپێی ئەو رووپێوییەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ئەندازەی پارکەکانی وەرگرتووە، رێژەی سەوزایی لە ناوەندی هەولێر کەمترە لە 20، کە هەرچەندە رێژەی سەوزایی لە هەولێر ستانداردە، بەڵام زۆریی ئۆتۆمبێل و موەلیدە، رێژەکەیان ناهاوتا کردووە.