هاونیشتمانییەکی خەڵکی شنگال لە سنووری زاخۆ لە ئاودا خنکا

رووداو - زاخۆ

گەنجێکی 21 ساڵەی خەڵکی شنگال لە رووباری خابوور لە قەزای زاخۆ خنکا و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دەرهێندرا.
 
رۆژی هەینی 21ی حوزەیرانی 2024 جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەنجێکی شنگالی بەناوی فارس شەهاب ئەحمەد لە رووباری خابوور خنکا."
 
جەمال هەسن گوتیشی، "رووداوەکە کاژێر 05:05 خولەکی ئەم ئێوارەیە لەنێوان گوندەکانی چەمسیرمۆ و خەرابابکێی زاخۆ روویدا" و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاونیشتمانییە لەدایکبووی ساڵی 2003 و خەڵکی شنگال بوو، لە کەمپی چەمشکۆ نیشتەجێ بوو."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، کەمێک پێش ئێستا تیمەکانی مەلەوانی تەرمی گەنجەکەیان دەرهێنا و رەوانەی دادپزیشکیی زاخۆ کرا.
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا خەڵکێکی زۆر لە رووباری خابوور لە سنووری زاخۆ مەلە دەکەن و ئەم ساڵ ئەمە چوارەم کەسە لەنێو رووبارەکەدا دەخنکێن. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، "تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا تیمەکانمان سێ کەسیان لە خنکان رزگار کردووە."