وەزارەتی ئەوقاف ئەو حاجییانە دەگەڕێنێتەوە بە ڤیزەی ساڵیی چوونەتە سعودیە و کێشەی گەڕانەوەیان هەیە

21-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رەزامەندیی گەڕانەوەیان بۆ هاونیشتمانییانە وەرگرتووە کە لە دەروازەی عەرعەر کێشە بۆ هاتنەوەیان دروستبووە. نوێنەرێکی وەزارەتەکە دەڵێت، حاجییەکان نزیکەی شەش پاس دەبن و "دۆخیان خراپە."
 
ئەم ساڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی بە ڤیزەی یەک ساڵی و بەدەر لە رێکارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە، ئێستا بەشێک لەوانەی بە رێگەی وشکانی چوونەتە ئەو وڵاتە، کێشە بۆ گەڕانەوەیان دروستبووە.
 
وەزارەتی ئەوقاف لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوای هەوڵەکانیان لە رێگەی نوێنەری تایبەتی خۆیانەوە، رەزامەندییان بۆ ئەو هاونیشتمانییانە وەرگرتووە کە بە رێگەی ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە و لە دەروازەی عەرعەر گیریان خواردووە.
 
وەزارەتەکە داوا لەو کەسانە دەکات لە دەروازەکە کێشە بۆ گەڕانەوەیان دروستبووە، "پەیوەندی بە خاوەن کۆمپانیاکانیان بکەن تاوەکو پاسیان بۆ هەولێر، دهۆک و سلێمانی بۆ دابین بکەن."
 
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێک لەوانەی بە ڤیزەی ساڵی گەشتی کردبوو، پەیامی بۆ ناردم و گوتی: پێنج بۆ شەش پاسن و چەند رۆژێکە ماونەتەوە و دۆخیان خراپە. ئێمە لە رێگەی وەزارەتەوە بە خێرایی بەهانایانەوە چووین و ئەوەی پێمان بکرێت درێخی ناکەین."
 
رۆژگار جەعفەر، کە هاوکات نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقافە لەگەڵ کاروانی حاجییان، گوتیشی، "دۆخی ئەو حاجییانە زۆر خراپە و لەلایەن ئەو کەسانەی ڤیزەیان بۆ وەرگرتوون و رێبەریان بوون جێهێڵدراون. ئێستا وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی گەڕانەوەی بۆ وەرگرتوون."
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چوونە ئەو وڵاتە و 1460 کەسیشیان بە وشکانی. رۆژگار جەعفەر دەڵێت، کاروانی وشکانی ئەمشەو بەڕێدەکەون و گەڕانەوەی گەشتی ئاسمانیش لە 24ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و 30ی مانگ کۆتایی دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.