لە عەفرین گەنجێکی کورد لەلایەن چەکدارانی حەمزاتەوە دەکوژرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، گەنجێکی کورد کە دوو رۆژ پێش ئێستا لەلایەن چەکدارانی گرووپی حەمزاتی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە تەقەی لێکرابوو، بە سەختی بریندار بوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی عەفرین گیانی لەدەستدا.
 
مستەفا شێخۆ، کە چالاکڤانێکی کوردە بە رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیران چەکدارانی گرووپی حەمزات، تەقەیان لە دوو هاووڵاتیی کورد کردووە و بە سەختی برینداریان کردوون.
 
ئەو دوو کوردە لە شاری عەفرینەوە دەگەڕانەوە ماڵی خۆیان لە گوندی دارگری سەر بە ناحیەی ماباتا.
 
مستەفا شێخۆ گوتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی یەکێک لەو دوو کەسە بەناوی جەمال گولین بەکرعەلی، تەمەن 26 ساڵ، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی عەفرین گیانی لەدەستداوە.
 
جەمال گولین بەکر باوکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی دارگرێی سەر بە ناحیەی ماباتای عەفرینە.
 
ئەمڕۆ هەینی تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عەفرین، بە دروشمی "شەهید نامرن" و بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانی لە گۆڕستانی گوندی دارگرێ بەخاکسپێردرا.
 
حەمزات، گرووپێکی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە، یەکێکە لەو گرووپانەی تورکیا پاڵپشتیان دەکات.