کاروانی رێگەی وشکانیی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە بەڕێدەکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم ساڵ 1460 هاونیشتمانی بە رێگەی وشکانی چوونە سعودیە بۆ حەجکردن. بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمشەو کاروانی ئەو حاجییانە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت.
 
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 21-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمشەو کاروانی ئەو حاجییانە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت کە بە رێگەی وشكانی چوونە سعودیە، چاوەڕوان دەکرێت دوای دوو رۆژ بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چوونە ئەو وڵاتە. لەبارەی گەڕانەوەی ئەو حاجییانەش رۆژگار جەعفەر گوتی، "24ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات و دوایین گەشتیش 29ی حوزەیران بۆ هەولێر و 30ی مانگیش بۆ سلێمانی دەبێت."
 
حەجکردن ئەم ساڵ بە دینار بوو؛ بە رێگەی ئاسمانی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار لە هاونیشتمانیان وەرگیرا.
 
ئەم ساڵ سەتان هاونیشتمانیش دوور لە رێکارە فەرمییەکان و بە ڤیزەی ساڵی چوونە سعودیە بۆ ئەنجامدانی رێوەڕەسمەکانی حەج؛ لەو هاونیشتمانیانە 22 کەسیان لە کاتی بەجێهێنانی رێکارەکانی حەجدا گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها حاجییەکی دیکەش گیانی لەدەستدا کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چووبوو.
 
لە ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.